فۆزا یوسف: لە دژی لۆزان پەیمانێکی نوێی کۆمەڵایەتی پێویستە

فۆزا یوسف، ئەندامی هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک کە بەشداری لە کۆنفڕانسی لۆزاندا کرد تیشکی خستەسەر خەباتی ژنان دژی پەیماننامەی لۆزان و ئاماژەی بەوەکرد, پەیمانێکی کۆمەڵایەتی پێویستە لەنێوان هەموو نەتەوەکان دژی لۆزان.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەدەمین ساڵیادی لۆزان کە لە ٢٤ی تەممووزی ١٩٢٣ واژۆ کرا، کوردستان دابەش بوو بەسەر چوار بەشدا و خەڵکی کورد بە پێشەنگایەتی ژنان دەیانەوێت چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، لە کۆنفڕانسێکی دوو ڕۆژیدا بە ناونیشانی "لۆزان: ڕاستکردنەوە و چارەسەرکردنی سەقامگیری و کێشەکانی ئاسایشی هەرێمی" کە لەلایەن ناوەندی ڕۆژئاوا بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی "NRLS" ەوە دەستیپێکرد، گفتوگۆی گرنگ بەڕێوەچوو بۆ شکستپێهێنانی پەیماننامەی لۆزان، هەروەها لە گفتوگۆکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە سیستمی نەتەوەیی بە پێشەنگایەتی ژنان ڕێگایەکە بۆ شکستپێهێنانی لۆزان.

 

فۆزا یوسف، ئەندامی هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیل "PYD" کە لە کۆنفڕانسی پەیماننامەی لۆزان ئامادە بوو، قسەی کردو وتی: پەیماننامەی لۆزان دژی بوونی گەلی کوردە، ئەمە سیاسەتێکە دژی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕاستترین نەخشە بۆ گەلان نەتەوەی دیموکراتیکە کە مافی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر دەکات.

 

لۆزان و سیاسەتی پارچەکردن، ١٠٠ ساڵە بەردەوامە

فۆزا یوسف ئاماژەی بەوەکرد، چەندین سەدە بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێپەڕیوە و وتی: ئەم پەیماننامەیە چەندین بڕیاری خراپی واژۆ کردووە دژی بوونی گەلی کورد کە لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا دەژین، لەم پەیماننامەیەدا هەم کوردستان دابەش بوون و هەم هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەش بوون و سیاسەتێک دانرا بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە دوژمنایەتی یەکتر بکەن، بۆ ماوەی سەد ساڵ ئەم سیاسەتە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، دەتوانین بڵێین کە لە ئەنجامی ئەم پەیماننامەیەدا چەندین کۆمەڵکوژی لە گەلی ناوچەکەدا هەبووە، کوردەکان، ئەرمەنییەکان، سوریانییەکان چەرکەزییەکان و هەموو ئەو نەتەوانەی کە داوای ناسنامەیان دەکرد ڕووبەڕووی لەناوچوون بوونەتەوە.

 

بەبێ کورد پەیماننامە لەسەر کورد واژۆ دەکرێت!

فۆزا یوسف لەبارەی کۆنفڕانسەکەوە قسەی کرد و وتی: لەم کۆنفڕانسەدا دەمانەوێت تیشک بخەینە سەر ئەم ١٠٠ ساڵە کە چی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، هۆکارەکانی ئەم پەیماننامەیە چین؟ چ کاریگەرییەکی هەبوو لەسەر گەلی کوردو پێکهاتەکان کە هەموو پیکەوە گفتوگۆی لەسەر بکەین؟ خەڵکی هەرێم چۆن دەبێت لە دژی ئەم هاوپەیمانییە هەڵوێست وەربگرن؟ بەداخەوە ئەم پەیماننامەیە کاریگەری لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەیە. ئەگەر ئەمڕۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشداری لە ئەستانە و جنێڤ نەکەن و ئەگەر ئەمڕۆ ئیرادەی قبوڵ نەکرێت، ئەوە دەبێتە هۆی ئەو سیاسەتە نکۆڵیکردنەی کە سەد ساڵ لەمەوبەر لە لۆزان واژۆ کرا.

 

"نابێت ڕێگە بە لۆزانێکی نوێ بدەین"

فۆزا یوسف ئاماژەی بەوەکرد، لۆزان هێشتا زیندووە و وتی: لۆزان بە تەواوی شکستی نەهێناوە و پێویستمان بە تێکۆشانێکی گەورە هەیە بۆ ئەوەی یەکبگرین و هەڵوێستی خۆمان دەرببڕین بۆ شکستپێهێنانی لۆزان، بۆ ئەوەی پێکەوە پلانێکی هاوبەش دروست بکەین، ئێمە باوەڕمان وایە کە ڕاستترین نەخشە بۆ گەل نەتەوەی دیموکراتیکە کە مافی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر دەکات، لەسەر ئەم باوەڕە، من دەڵێم کە ئەم کۆنفڕانسە ئامرازێک دەبێت بۆ ڕێگەدان بەوەی لۆزانێکی نوێ دەربارەی ئێمە دروست نەکرێت، هەروەها دەبێتە ئامڕازێک بۆ زانینی گرنگی یەکێتی نەتەوەیی.

 

لە دژی پەیماننامەی دژی گەلان بانگەوازی بۆ یەکێتی

فۆزا یوسف داوای یەکگرتوویی کرد دژی ئەو پەیماننامانەی دژ بە گەلان کراون و وتی:  ئەگەر ئێمە وەک گەلی کوردو گەلانی ناوچەکە یەکگرتوو نەبین، ئەوا یەک بە یەک دەڕۆین، ئەم بەیاننامەیەی پێش خۆمان لە جێی خۆیدایە و دەیبینین، بۆ ئەوەی ڕێگری لە تراژیدیاکان بکەین، پێویستمان بە پەیمانێکی نوێیە، پەیمانی گەلان، پەیمانی کۆمەڵگە، ئەمڕۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بووەتە مۆدێلێک کە ئێمە باوەڕمان وایە ئێمە بە ئیرادەی گەلان پەیماننامە ڕەشەکان تێکدەشکێن و ڕێگا بۆ ڕێککەوتنە کۆمەڵایەتییەکان دەکەینەوە کە هەموو گەلانی میزۆپۆتامیا لەخۆ بگرێت.