دوای دوو ساڵ کارکردن، کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا دووەمین کۆنفرانسی خۆیان ئەنجامدا

بەشداربووانی دووەمین کۆنفرانسی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا جەختیان کردەوە لە پێویستی خۆیان بۆ بەرەو پێشەوە بردنی خەبات و پابەندبوونیان بە چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی دێنە بەردەم ژنانی ناوچەکە.

ڕەققە

 

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا دووەمین کۆنفرانسی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو کار و چالاکییانەی لە ماوەی دوو ساڵدا بەدەستیهێناوە، ئەنجامدا،  هەروەها پلانی کارکردنی دوو ساڵی داهاتوویان دارشت.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی تەمموز، لە شاری ڕەققە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ژێر دروشمی "بە ڕێکخستن و ئیرادەی ژنان، کۆمەڵگایەکی دیموکراسی ئازاد بنیات دەنێین"، کارەکانی دووەمین کۆنفرانسی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە ناوچە ئازادکراوەکانی "ڕەققە، تەبقا، مەنبج، و دێرەزوور" دەستیپێکرد.

 

مریەم عوسمان ئەندامی لیژنەی ئامادەکار، ڕوونیکردەوە، کۆنفرانسی جیاوازیان لە ڕەققە، تەبقا، مەنبج و دێرەزوور ئەنجامداوە بۆ خۆئامادەکردن بۆ کۆنفرانسی هەمەلایەنە، چونکە پێویست بوو کۆنفرانسی دووەم بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئەنجام بدرێت.

 

خود عیسا، وتەبێژی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە ڕەققە، هەوڵەکانی ژنان و ڕۆڵی پێشەنگانەیان لە ماوەی ڕێپێوانی دوو ساڵەی خەبات سەرەڕای ئەو شەڕە تایبەتەی کە ناوچەکەی بەرکەوتووە و بە ئامانجگرتنی ژنانی سەرکردە بەرز نرخاند و ڕایگەیاند، "دوو ساڵ لە خەباتی کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا، تواناکانیان لە بواری بەڕێوەبردن و ڕێکخستن و گەڕاندنەوەی ژیاندا زیادیکردووە".

 

ڕوونیشیکردەوە، بەستنی ئەم کۆنفرانسە وەڵامێکە بۆ پێشێلکاریی و داگیرکاری تورکیا، کە هەوڵی شکاندن و لاوازکردنی ئیرادەی ژنان دەدات، ژنان لە ناوچە ئازادکراوەکاندا زۆر سەختی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دیارترینیان عەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریتە کۆنەکانن، بەڵام دەبێت هەوڵی زیاتر بدەن بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە و ڕزگاڕ کردنی لە ئایدۆلۆژیای جیاکاری.

یەکەمین کۆنفرانسی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بە دروشمی "بە خەباتی ژنانی ڕێکخراو، شۆڕشەکەمان دەپارێزین و ئاشتی بەدی دەهێنین" ئەنجامدرا.