کۆچبەران لە ڕێگەی کۆچی نایاساییدا ئەشکەنجە دەدرێن و بێهۆش دەکرێن

ژمارەیەک کۆچبەر کە ژن و منداڵیان تێدایە لە دورگەیەکی یۆنان تەقەیان لێکراوە و تا ئێتستا ئازاد نەکراون، دەزگای لوتکەش ئاشکرای دەکات، کۆچبەران بە تایبەت منداڵان بێهۆش دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆچی نایاسایی بەهۆی خراپی گوزەرانی ژیان و ڕەوشی وڵاتانەوە تادێت ڕوولە زیادبوونەو کۆچبەران لەو ڕێگەیەدا تووشی سەختی و تەنانەت گیان لەدەستدانیش دەبنەوە.

 

لە نوێترین ڕووداودا لە ٢٦ی حوزەیران، نزیکەی ٣٠ پەنابەر کە لە ٢٦ منداڵ و ژن و گەنج پێکهاتبوون کاتێک  گەیشتنە دورگەی پسێریمۆسنی یۆنان دوای دەست بەسەرکردنیان و ترساندیان و هەڕەشەکردن لێیان بە دەمانچە تا ئێستا ئازاد نەکراون و هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیان لێ دەکەن بۆ تورکیا.

 

کۆچبەران و منداڵەکانیان لە ڕێگەی کۆچی نایاسایدا بێهۆش دەکرێن

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای بەدواداچوونەکان بۆیان دەرکەوتووە کە قاچاخچیەکان لە کاتی گواستنەوەی کۆچبەرەکاندا حەبی خەو دەدەن بە منداڵانی کۆچبەر بۆ ئەوەی شەوانە کە لەسەر سنوورەکان دەپەڕنەوە نەتوانن دەنگە دەنگ دروست بکەن و سەرنجی پۆلیسی دەروازە سنوورییەکان بۆخۆیان ڕانەکێشن، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو حەبانە تایبەت نەبووە بە منداڵ، بەڵکو کۆچبەرە گەورەکانیش خواردنەوە وزەبەخشەکانیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی ئەو گەشتە بەسەر ناوچە شاخاوییەکەدا ئەنجام بدەن بەبێ ئەوەی هەست بە ماندوبوون بکەن.

 

دەزگای لوتکە ئاماژەى بەوەشکردوە، لەلایەن قاچاخچیەکانەوە لە کۆچبەرەکان دەدرێت بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ڕۆیشت، بەپێى زانیارییەکانیش ک لە پۆلیسی شارى ترێست لە باکوورى ڕۆژهەڵاتى ئیتاڵیا وەرگیراوە لەوە دڵنیابوونەتەوە، کە قاچاخچییەکان لە کاتى گواستنەوەیاندا کۆچبەرەکان بێهۆشدەکەن.