سوپای تورکیا چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان بۆردومان دەکات

فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورک چەند گوندێکى لە سنوورى ئامێدى بۆردوومان کرد و دەربارەی زیانەکان هیچ زانیارییەک نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

داگیرکاریی و هێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە و لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان وەک سەرۆکی وڵاتەکە، بۆردومانەکان فراوانتر بوون و بەیانی ئەمڕۆ ٢٠ی حوزەیران فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورک چەند گوندێکى لە سنوورى ئامێدى بۆردوومان کرد.

 

لە بارەی زیانەکانی بۆردومانەکەوە، هێشتا هیچ زانیارییەک بەردەست نییە و ترس و دڵەڕاوكێ لای دانیشتووانی ئەو گوندانە دروستبووە.

 

بەردەوامی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە کاتێکدایە، کە سەرۆک و دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە سەرچاوەی میدیاکانی پەدەکەوە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا و وەزیرانی کابینە تازەکەی تورکیا، بۆپەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا کۆبووەوە، ساڵانەش چەندین ڕێککەوتن لەسەر ژیان و بژێوی خەڵک دەکرێت و داگیرکارییەکانی سەر خاکی باشووری کوردستانیش چڕ تر دەبێتەوە.