ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: ژمارەی مردووان لە سودان گەیشتە ٨٥٠ کەس

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سودان گیانیان لەدەستداوە لە تێکهەڵچوونی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی فریاگوزاری نیمچە سەربازی، گەیشتووەتە ٨٥٠ کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

ململانێکان لە سودان بەردەوامن سەرەڕای ئاگربەستی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی فریاگوزاری لە ١٥ی نیساندا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ململانێکان گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٨٥٠ کەس.

 

لە لایەکی دیکەوە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە سەرپەرشتی ڕۆلاندۆ گۆمێز، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکەی پەیوەندییەکانی ئۆفیسی جنێڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، ئیدی ڕۆی، بەڕێوەبەری سودانی لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان WFP، ڕایگەیاند کە لەو کۆبوونەوەیەی کە بە شێوەی ئۆنلاین بەشداریی کردووە، پێکدادانەکانی نێوان سودان و هێزەکانی پشتیوانی فریاگوزاری بەردەوامە.

 

"هاوکاری خۆراکی گەیشتە ٧٢٥ هەزار کەس"

ئیدی ڕۆی ڕایگەیاند، یەکەم هاوکاری خۆراک بۆ خەرتوم کە ململانێکان تێیدا بەردەوامە، لە ٢٧ی ئایارەوە دەستی پێکردووە و وتی: "یارمەتی بۆ ١٥ هەزار سودانی ڕەوانەی ئەو ناوچانە کراوە، کە ململانێ لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پاڵپشتی فریاگوزاری دایە، پێشبینی دەکرا هاوکاری خۆراکی زیاتر بەپێی بارودۆخی ئەمنی بنێردرێت، بەرنامەی خۆراکی جیهانی پلانی دانابوو هاوکارییەکە بگاتە ٥٠٠ هەزار کەس لە خەرتوم، هەفتەی ڕابردوو دابەشکردنی خۆراک بۆ ٤ هەزار کەس لە بەندەری سودان دەستیپێکرد، بەرنامەی خۆراکی بە خێرایی پشتیوانییەکانی لە سودان و سەرتاسەری وڵات زیادکردووە، نزیکەی ٧٢٥ هەزار کەس یارمەتی خۆراکی بەپەلە و خۆراکیان بۆ نێردراوە".

 

جەیمس ئەلدەر، وتەبێژی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ڕایگەیاند، ١٣.٦ ملیۆن منداڵ لە سودان پێویستیان بە "پشتیوانی ژیان" هەیە.

 

دوێنێ ئاگربەستەکە بۆ ٥ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە خەرتوم ڕایگەیاند، ئەو ئاگربەستەی کە لە ٢٠ی ئایاردا لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی فریاگوزاریدا واژۆ کرابوو، بۆ ماوەی ٥ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە لە ڕێگەی نێوەندگیری سعودیە و ئەمریکاوە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لەگەڵ بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەست، هاوکاری مرۆیی زیاتر و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان پێشکەش دەکرێت و ئاگربەستێکی درێژخایەن تاوتوێ دەکرێت.