وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ڕێگری لە پەرەسەندنی تای خوێنبەربوون دەکات

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە پەرەسەندنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەکات و شەش ڕێکار دەگرێتەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆ ڕێگری لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، کە لە نێوان ئاژەڵدا بڵاودەبێتەوە و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دواتر لە ئەگەری توندبوونی نەخۆشییەکە گیان لەدەستدانی لێدەکەوێتەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان شەش ڕێکار دەگرێتەبەر و لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێن و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێرتێرنەری بچێتە بازاڕەوە، سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر ڕێگاکان و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.

 

هەروەها دەبێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بکرێت، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکە، پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و کەلوپەلی سەربڕینیش لە سەربڕخانەکاندا ڕەچاو بکرێت.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە مەرز و فرۆکەخانەکاندا پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن، کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان، دابینکردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی "قڕنە"، کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربونە لە نێوان ئاژەڵەکان، ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەبێت.

 

وەزارەتی كشتوكاڵ دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەکی نافەرمی و لە سنورەکانی دەرەوە و نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کۆنتڕۆڵ دەکات و هەروەها، ڕێگە لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی، کە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاوبووەتەوە دەگرێت.