ئینستتیوتی پەی پێشنیار دەکات "په‌رله‌مانتاری نه‌شاره‌زا" له‌ په‌رله‌ماندا جێگه‌ نه‌گرێت

ئینستتیوتی‌ په‌ی‌ بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان ئاماری ساڵێكی كاركردنی په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستانی ئاشكرا کرد و پێشنیار ده‌كات "په‌رله‌مانتاری نه‌شاره‌زا" لە پەرلەماندا جێگە نەگرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئه‌مڕۆ ٣٠ی نیسان، ئینستتیوتی‌ په‌ی‌ بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان ئاماره‌كانی ماوه‌ی ساڵێكی كاركردنی په‌رله‌مانی هەرێمی کوردستانی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشکرای کرد، له‌ماوه‌ی ١ی ئاداری ٢٠٢٢ بۆ ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣، ٢٥ دانیشتنی ئه‌نجامداوه‌، په‌رله‌مانتارێك له‌ كۆی ٢٥ كۆبوونه‌وه‌ ١٨ كۆبونه‌وه‌ ئاماده‌ نه‌بووه‌ و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاریش سه‌ره‌ڕای ئاماده ‌نه‌بوویان، به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌ غیاب نه‌دراون، چوار په‌رله‌مانتاریش یه‌كجار قسه‌یان كردوه‌ و ئەندامی پەرله‌مان ھەبووە له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا ٢٠ چرکە قسەی کردووە، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌رله‌مانتاران له‌ كۆبونه‌وه‌كانی لیژنه‌كان ئاماده ‌نه‌بوون.

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، پێویسته‌ له‌ واده‌ی دیاریكراودا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت و جارێكی دیكه‌ ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژنه‌كرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌مواربكرێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خواست و گواڕانكاریه‌كانی سه‌رده‌مدا بگونجێندرێت.

 

بەر لە هەڵبژاردن لایەنەکان خول بە کاندیدەکان ببینن

ئینستتیوتی‌ په‌ی‌ بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان بۆ ڕێگریكردن له‌ چوونی "په‌رله‌مانتاری نه‌شاره‌زا" بۆ په‌رله‌مان پێشنیار ده‌كات به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن لایه‌نه‌كان خول به‌ كاندیده‌كانیان ببینن و ئاماده‌ بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی "په‌رله‌مانتاری نه‌شاره‌زا" له‌ په‌رله‌ماندا جێگه‌ نه‌گرێت.

 

هه‌روه‌ها ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ی دانیشتواندا بگونجێندرێت، به‌پێی مادده‌ی ٤٥ی ده‌ستوری عێراق كه‌ بۆ هه‌ر ١٠٠ هه‌زار كه‌سێك له‌ دانیشتوان كه‌سێك ده‌بێته‌ نوێنه‌ر له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بۆیه‌ پێشنیار ده‌كرێت له‌ هه‌رێمیش به‌و جۆره‌ بێت، پێویسته‌ كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ١١١ كورسییه‌وه‌ بكرێته‌ ٥٥ كورسی كه‌ ٥٠ كورسی بۆ گشتی و ٥ كورسیش بۆ پێكهاته‌كان ته‌رخان بكرێت، ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ له‌ خزمه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌ماندایه‌، به‌وه‌ی كه‌ هه‌م كاری یاسادانان و چاودێریكردن به‌ كه‌متر و پوختر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و هه‌م ئه‌و بارگرانیه‌ی زۆره‌ی بودجه‌ش له‌سه‌ر هه‌رێم نامێنێت.