ژنانی لیجە: دەنگی ئێمە بۆ پارتی چەپی سەوزە

ژنانی لیجەی سەر بە ئامەد باسیان لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار کرد، کە پشتگیری پارتی چەپی سەوز دەکەن و ڕایانگەیاند: "ئێمە جگە لە خۆمان دەنگ بە کەس نادەین".

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار کە چارەنووسی تورکیا دیاری دەکات، بەپێی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنەکان، گەلی کورد و ژنان و گەنجانی کورد ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردنەکەدا دەگێڕن، پارتی چەپی سەوز کە هەموو بۆنەیەک دەکاتە گردبوونەوە، ئامانجی زیادکردنی ژمارەی پەرلەمانتارانە لەم هەڵبژاردنەدا، بەتایبەت ئیرادەی ژنان و گەنجان لە هەموو چالاکیەکاندا خۆی دەردەخات و ژنانی لیجە ڕایانگەیاند، "دەنگ بە خۆمان دەدەین"، واتە بە پارتی چەپی سەوز.

 

"زوڵم پەسەند ناکرێت"

ئەو ژنانەی بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ژنان کرد کە ڕۆژی دووشەممە لە لیجە بەڕێوەچوو، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کاندیدەکان سڵاوی خۆیان نارد، دەلال زەنگین بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکەیە وتی: "من کوردم و دەنگی خۆم دەدەم بە خۆمان، ئێمە دەمانەوێت شەڕ کۆتایی پێبێت، بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵک نەمرێ دەنگ دەدەین، با چیتر دڵی دایکان نەسوتێت، دایکان سەبریان نەماوە. با ئەردۆغان بگەڕێتەوە ماڵەوە و دابنیشێت، با ئێستا ئەم کۆمەڵکوژییە بوەستێت، زۆرێک لە گەلەکەمان کوژران، بۆیە ئێمە بۆ خۆمان و هەموو گەلان ئاشتیمان دەوێت، من ناڵێم ئەردۆغان بمرێت، با بچێت لە ماڵەکەی خۆی دابنیشێت.

 

"سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا هی ئێمە دەبێت"

ڕەفیکا نێرگیز بەشداربوویەکی دیکەیە و وتی: تا ئێستا دەنگم بە خۆمان داوە، ئێمە تووشی سەختی بووین و زوڵممان لێکرا، گەنجەکانمان نەماون و زیندانەکان پڕن، ئێمە خۆمان دەناسین و دەزانین دەنگ بە کێ بدەین، داهاتوومان گەشاوە و سەرکەوتن لەم هەڵبژاردنەشدا هی ئێمە دەبێت، دەنگم بەکار دەهێنم بۆ ئەوەی هەموو خەڵک ئازاد ببن، زیندانەکان بەتاڵ بکرێنەوە و کەسیش زیندانی نەکرێت، ئێمە هیچی ترمان ناوێت.

 

"دەنگی خۆم بۆ شاخەکانی کوردستان بەکاردێنم"

مەلیکە کەندال وتی: بۆ شاخەکانی کوردستان دەنگ دەدەم، هێندە خوێن لەم شاخانە ڕژا، بۆ شەڕڤانان و تێکۆشانەکەیان دەنگ دەدەم، سەردەکەوین، هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک دەخوازین، ئێمە دەستبەرداری خەباتی "ژن، ژیان، ئازادی" نابین، با گەلی کورد خەبات بکات و ٦یەکڕیزی لە نێوان گەلەکەماندا دروستبێت، با گەلەکەمان خۆی بناسێت و پێکەوە خەبات بکات، ئەگەر یەکگرتوو نەبین، دەدۆڕێین، با پێکەوە کار بکەین و سەرکەوتنی خۆمان تۆمار بکەین.

 

"با گەلەکەمان خۆی بناسێت"

لەیلا بەنیجە وتی: ئێمە بۆ دادپەروەری لە وڵاتەکەماندا دەنگ دەدەین، ئەردۆغان ٢٠ ساڵە لە دەسەڵاتدایە و دەبێت ئێستا بڕوات، زۆر زوڵمی بەرامبەر خەڵک کرد، ئێستا بەسە، ئەگەر ئەمڕۆ سەلاحەدین دەمیرتاش لە دەرەوە بووایە، شتگەلێکی گەورە ڕوویان دەدا، ئێمە نامانەوێت لەم زوڵمەدا بەردەوام ببین و دەمانەوێت مافی خۆمان بەدەستبهێنین، با گەلەکەمان خۆی بناسێت و پێیان بڵێین بوەستن، با بەم بیرکردنەوە بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان بێگومان سەردەکەوین.