لە بەریتانیا بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بژێویەوە قەیران دروستبووە

بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بەریتانیا پەنا بۆ ناوەندەكانی وەرگرتنی خۆراک دەبەن ٣٨% زیادیان كردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی "زە تروسێڵ ترەست" كە گەورەترین ڕێكخراوی خێرخوازی بەریتانییە و لە بواری نەهێشتنی برسێتی كار دەكات، بڵاویكردووەتەوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تا مانگی ئادار، ژمارەی ئەو سەبەتە خۆراكانەی دابینی كردووە ٣٨% زیادیان كردووە و گەیشتوونەتە ئاستێكی پێوانەیی كە سێ ملیۆن سەبەتەیە، ئەوەش واتای ئەوەیە كە خەڵكێكی زیاتر لە بەریتانیا تووشی قەیران بوون بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی.


ئاماژە بەوەشکراوە، زیاتر لە یەك ملیۆن سەبەتەی خۆراك دراوە بە منداڵان، بە درێژایی ئەو ماوەیە ٦٧٠ هەزار كەسی نوێ پەنایان بۆ ناوەندەكانی دابینكردنی خۆراك بردووە و بەوەش لەسەر ئاستی ساڵانە ٣٨%  زیادی كردووە، هەندێك لەو كەسانەش خاوەنی كارن، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بژێوی ناتوانن یەکسانی لە نێوان داهات و بژێویاندا ڕابگرن.


تۆڕەكە بانگەوازی ئەوەشی كردووە، كە پاڵپشتی چالاكییەكانی بكرێت و هۆشداریش دەدات لەوەی، لە وەرزی زستاندا كەسانێكی زیاتر مەترسی برسێتییان لەسەر دەبێت.