ژنانی تل تەمر: پێویستە ئەردۆغان لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت

ژنانی ناوچەی تل تەمر دەربارەی هێرشەکانی سەر گوندەکانی ناوچەکە و گیان لەدەستدانی سێ منداڵ کاردانەوەیان هەیە و دەڵێن: دەبێت لێپرسینەوە لە ئەردۆغان بکرێت.

حەسەکە

 

لە ٢٤ی نیسان، کاتژمێر ١٦:٠٠، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا گوندی عەین ئەلعەبیدی بۆردومان کرد و سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا و دوو منداڵی دیکە بریندار بوون، سەبارەت بە بارودۆخی منداڵان و بریندارەکان بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ژیان و ژنانی تل تەمر لە کانتۆنی حەسەکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لێدوانی دا.

 

برینی زەهرای ١٦ ساڵ سەختە

پزیشک ئیسماعیل عوسمان هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی ئەو منداڵانە دەربڕی کە گیانیان لەدەستداوە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست، لەبارەی بارودۆخی منداڵەکان وتی: نەشتەرگەریمان بۆ هەردوو منداڵە بریندارەکە کردووە و ئێستا لەژێر چاودێریداین، زەهرای تەمەن ١٦ ساڵ دوو بوتڵ خوێنی تێکراوە، جگەری زۆر زیانی پێگەیشتووە و برینەکانیشی زۆر بوون، چەند پەنجەیەکی شکاون، زەهرا بۆ ماوەی ٤٨ بۆ ٧٢ کاتژمێر لە چاودێرییەکی سەختدا دەبێت بەهۆی برینە سەختەکەیەوە تا ئەو کاتەی دەردەکەوێت کە لە دۆخێکی باشدایە، بەڵام دییا، ئەمڕۆ دەچێتە دەرەوە، هەروەها پێویستە خێزانەکان ئاگاداری منداڵەکانیان بن، کە کەلوپەلی نەناسراو و جیاواز دەدۆزرێنەوە، وەک پاشماوەکانی جەنگ و تۆپە نەتەقێنراوەکان، دەبێت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئاگادار بکرێنەوە.

 

بە چ مافێک لەسەر خاکەکەمان منداڵان دەکوژیت؟

سەلما بەرەکات ئیدانەی هێرشەکانی کرد و وتی: ئەردۆغان چی لە خەڵکی مەدەنی و ژنان و منداڵان دەوێت؟ ئیتر بەسە تا کەی بوونی خۆی لەسەر نەبوونی ئێمە بونیاد دەنێت؟ بە چ مافێک دێتە سەر خاکەکەمان، منداڵەکانمان دەکوژێت و ژیانیان لێدەسەنێت، بۆچی منداڵەکانمان هەمیشە دەبنە قوربانی تۆپخانە و فڕۆکەی داگیرکەر، ئەمە دادپەروەرییە؟ بێبەشکردنی منداڵان لە قوتابخانەکان و یاریەکانیان، کاری دەوڵەتی تورکیا و سەرباز و چەتەکانی لێرە چییە؟ پێویستە وڵاتەکەمان بەجێبهێڵن، دەوڵەتی تورک بەرپرسیارە لەو تاوانانەی کە لە دژی گەلەکەمان ئەنجام دەدرێن، ئێستا پێویستە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بۆ ئەو تاوانانە، ئەردۆغان چی دەکات با بیکات، ئێمە لێرەین و لێرە دەژین و دەمرین.

 

"دەستەکانت لە وڵاتەکەمان دوور بخەرەوە"

خەتیجە عاسم کاردانەوەی نیشاندا و وتی: بەسە! ئایا جیهان کوێرە، ئایا ئەوە نابینێت کە چ تاوانێک لە دژی ژنان و منداڵان ئەنجام دەدرێت لەم وڵاتەدا؟ بۆچی ئەوان بێدەنگن؟ لەگەڵ دوژمن هاوکاری دەکەن؟ دەستەکانت لە وڵاتەکەمان دووربخەرەوە، دەستت لە خوێنی گەلەکەمان دەربکە، ڕوسیا و ئەمریکا هێزێکی گەرەنتیکارن، چی دەکەن و بۆچی بێدەنگن لەو هێرشانە؟ هاوپەیمانی ئاگربەستەکانتان تەنها لەسەر کاغەز دەنووسن، ئێوە هیچ شتێک لەپێناوی بەرژەوەندی ئەم خەڵکە ناکەن، ئێوە تەنها بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆتاندا دەگەڕێن.

 

ئێستا یونسێف لە کوێیە و چی دەکات؟

خەدیجە عاسم وتی: لە ڕۆژانی جەژنەکاندا گەلەکەمان هەمیشە بە ئامانج دەگیرێت، تاوانی ئەو منداڵانە چییە کە لە کاتی جەژندا دەبنە قوربانی؟ هەڵبژاردنەکانی تورکیا نزیک دەبێتەوە و ئەردۆغان نازانێت چۆن هێرش ئەنجام بدات، هێرشکردنە سەر هەرێمەکانمان دیار و ئاشکرایە، ئێستا پێویستە هێزە گەرەنتیکارەکان ڕۆڵی خۆیان هەبێت و پشتیوانی لە خەڵکی ئازاد و دیموکراتیک بکەن، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یونسێف لە کوێن؟ لە وڵاتەکەیاندا، کاتێک منداڵێک گیان لەدەستدەدات، ئەوان زۆر بەویژدان و ئەخلاقین، بەڵام بۆچی کە منداڵان لە وڵاتەکەماندا کۆمەڵکوژ دەکرێن و دەبنە قوربانی ئەوان نایبینن؟ ئێمە ڕێگە نادەین ئامانجەکانی داگیرکەران بەدی بهێندرێن.