"دەوڵەتی تورکیا هیچ دەرفەتێک لە دەست نادات بۆ تێکدانی سەقامگیری کوردستان"

لە درێژەی چالاکییەکان دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان هەڵمەتێکی هاشتاگی ڕاگەیاند.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بارەگای تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە شاری سلێمانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و داخستنی فڕۆکەخانەی شاری سلێمانی بەست.

 

لە کۆنگرەکەدا ئازاد عومەر، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا هیچ دەرفەتێک لە دەست نادات بۆ تێکدانی سەقامگیری کوردستان و پاکتاوکردنی گەلی کورد، هەر وەک خۆیان دەڵێن لە هەر جێگەیەک چادرێکی کورد هەبێت دەیکەینە ئامانج، بێگومان بە بێ هاوکاری خاک فرۆشانی کوردستان تورکیاش نەیدەتوانی ئەم هێرشانە بکات.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بە پێی ڕاپۆرتێکی تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٢ لە ئەنجامی بۆردوومانی ناوچە گەشتیاریەکانی زاخۆ دەوڵەتی تورکیا تا ئەو کاتە ١٣٨ کەسی مەدەنی کۆمەڵکوژ کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە لە ٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٢ وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایش بە فەرمی سکاڵای لەسەر دەوڵەتی تورکیا تۆمار کردووە، کە ئەو ڕێکەوتنەی لە ساڵی ١٩٨٣ لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و ڕژێمی بەعس واژۆ کرابوو  کۆتایهاتووە".

 

تەڤگەری ئازادی هەڵمەتێکی هاشتاگ لە ٢٦ی نیسان ڕادەگەیەنێت و لە بەیاننامەکەدا دەڵێت: "دژی داخستن و هێرشەکانی تورکیا لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٣  کاتژمێر ٨ی ئێوارە هەڵمەتێکی هاشتاگ ڕادەگەیەنین و داوا لە هەموو گەلی کورد دەکەین لە سەر پلاتفۆڕمی دیجیتاڵ میدیا بەشدار بن بۆ خاوەنداری لە خاک و گەلەکەمان."

 

"تورکیا زیاتر لە ١٠ کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی کوردستانەوە"

سارا ڕەزا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، بە درێژای ٣١ ساڵە دەوڵەتی تورکیا هێرشە دەکاتە سەر باشووری کوردستان و زیاتر لە ١٠ کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی کوردستانەوە و چەندین بارەگای دروست کردووە، هەمیشە خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج بۆیە فڕۆکەخانەی شاری سلێمانیشی داخست، ئاشکرایە ئەمە پلانێکە کە لایەنێکی سیاسی باشووری کوردستان دەیەوێت وەکو فرۆکەخانەی شاری هەولێر ئەمیش بکەویتە ژێر دەستی خۆی، بۆیە ئێمە وەکو ژنان بە ئەرکی دەزانین پارێزگاری لە نەتەوە و خاکی خۆمان بکەین.