تاقانەکان چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە

بە بۆنەی ٣٥هەمین ساڵیادی ئەنفال ڕێکخراوی CDO کۆڕێکیان بۆ سێ تاقانەی ئەنفال ڕێکخست.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت لە شاری سلێمانی ڕێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال لە یادی ٣٥ ساڵەی ئەنفالدا کۆڕێکیان بۆ سێ تاقانەی ئەنفال، بە ناوەکانی سوهەیلە مستەفا، عادیل مەجید و عەبدولخالق قادر ڕێکخست.

 

کۆڕەکە بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و باسی ئەو کردەوە قێزەونەی ڕژێمی بەعس کرا ،کە بەرامبەر بە گەلی کورد کردی و چەندین گوندی وێران کرد و بە هەزارەها هاوڵاتیشی شەهید کرد.

 

دواتر هەر سێ تاقانەکەی ئەنفال چیرۆکی خۆیان باسکرد لە ڕۆژی ئەنفالدا، سوهەیلە مستەفا کە خاوەنی ٨ شەهیدە بەم شێوەیە چیرۆکەکەی خۆی باس کرد، "من لە کاتی ئەنفالدا لە گوندی گرد خەبەری خۆمان بووم، دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس هێرشی کردە سەر گوندەکەمان و لەلایەن سیخوڕەکانەوە هەموو پیاوەکانی دەستگیر کرد و باوکی منیشی تێدا بوو، کاتێک ڕژێم ئێمەی دەستگیر کرد لەبەرئەوەی ٦ خوشک بووین باوکم وتی کچەکانم بکوژن، بەڵام با سەربازانی ڕژێم نەیانبەن، دوای ئەوە لەلایەن سیخوڕەکانەوە لە یەک جیا کراینەوە و هەموو کەسوکارەکەمیان ئەنفال کرد".

 

سێ تاقانەکەی ئەنفال ئاماژەیان بەوەکرد، "ئێمە خاوەنی ئەو هەموو شەهیدەین و تاقانەی ئەنفالین، کە ژمارەمان ١٤٠ تاقانەیە، بەڵام تاقانەییەکەمان بووە بە زەرەر بۆمان و حکومەت تا ئێستا بەڵێنەکانی خۆی نەبردووەتە سەر و کارمان بۆ ناکات، وەک ئیشمان بۆ ناکات بۆچی سیخوڕەکانی کردووە بە دەسەڵاتدار و ئێمە دەبێت داوا لە ئەوان بکەین ئیشێکمان بۆ بکات".

 

لە کۆتایی کۆڕەکەدا بەیان محەمەد بەیاننامەیەکی ڕێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفالی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، گەلی کورد گەورەترین کارەساتی بەسەردا هاتووە، بەڵام حکومەت کەمتەرخەمە، هەرچەندە ٢٠ی ئایاری ٢٠٠٧ بڕیارێک دەرچوو بۆ دەستگیرکردنی بەشێک لەوانەی دەستیان هەبووە لە تاوانی ئەنفالدا، بەڵام جێبەجێنەکراوە، پێویستە داواکاری کەسوکاری ئەنفالکراوان جێبەجێبکرێت وەک، هێنانەوەی ڕووفاتی قوربانیان، سەربازگەی تۆپزاوا لە فەوتان لە لەناوچوون بپارێزرێت وەڵامی داواکاری قوربانیان بدرێتەوە.

 

گەردە مامە حەمە وەک خاوەنی دوو شەهید ئاماژەی بەوەکرد، ڕێگری کردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان لە حکومەت کە یادی ئەنفال بکەنەوە لە گەرمیان لە جێگەی خۆیەتی، چونکە حکومەت بە پێی پێویست داواکاری ئەنفالکراوانی جێبەجێ نەکردووە، بەتایبەتی تاقانە ژنەکان  کە لە هەموو نازێک بێبەشن، بۆ ئەوەی خاوەنداری لە شەهیدەکانمان بکەین دەبێت ساڵانە یادیان بەرز ڕابگرین.