سلێمانی، دژی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر فرۆکەخانەی سلێمانی داوای هەڵوێست کرا

تورکیا بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر سنورەکانی کوردستان و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ئەمڕۆ هاوڵاتیان ڕژانە شەقامی سالمی سلێمانی و ئیدانەی هێرشەکەیان کرد.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی خەڵکی شاری سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە بەشداری چالاکوان، ئازادیخواز، کەسایەتی سیاسی و سەدان کەس ڕێپێوانێکی جەماوەریان ئەنجامدا.

 

ڕێپێوانەکە لەلایەن کەسانی ئازادیخواز ساز کرابوو، ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو و بە دروشمی "گەلی کورد یەک نەتەوەیە و دژی هەموو داگیرکاریەک دەوەستینەوە"بەشداریان کرد.

 

دوای ڕێپێوانەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەیاننامەی بەشداربووان لەلایەن جوتیار ڕەشید، چاودێری سیاسی خوێندرایەوە و ڕایگەیاند، "تورکیا جەنگ لە دژی کوردان ئەنجام دەدات و ئەم هێرشەشی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دانەبڕاوە لە هێرش و پەلامارەکانی تری، تورکیا بەردەوامە لە بۆردومانی سنورەکانی کوردستان و کەسانی مەدەنی و گوندنشین دەکاتە قوربانی، وە هێرشی ئەمجارەی تورکیا دەچێتە قاڵبی تاوانی جەنگ، بە پێی ماددەی ٢ لە بڕگەی ٤ی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە گوێرەی ڕێکەوتنی شیکاگۆ بۆ فڕینی فڕۆکەی مەدەنی لە ساڵی ١٩٩٤ هەموار کراوەتەوە".

 

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "ئێمە وەکو خەڵکی شاری سلێمانی داوا دەکەین چیتر ئەم کارانەی دەوڵەتی تورکیا قبوڵ نەکرێت و چەند کردارێکی مەدەنی و دیبلۆماسی بگیرێتە بەر وەکو، بازرگانی لەگەڵ تورکیا ڕابگیرێت و سنوردار بکرێت، خەڵک بایکۆتی کاڵای تورکی بکات، باڵیۆزخانەکانی تورکیا لەلایەن حکومەتی عێراق و کوردستانەوە هۆشداریان پێ بدرێت، داوا دەکەین هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق و هەرێمی کوردستان بێنە دەنگ".

 

"وەکو ژن تا کۆتا هەناسە بەرگری لە خاکەکەمان دەکەین"

کەوسەر محەمەد، چالاکوان و بەڕێوبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، بەشداریمان لەم ڕێپێوانە کرد بۆ ئیدانەکردنی ئەو هێرشەی کە دەوڵەتی تورکیا و دوژمنی گەلی کورد کردیە سەر فڕۆکەخانەی شاری سلێمانی، وەکو ژن تا دوا هەناسە بەرگری لە شاری سلێمانی و خاکەکەمان دەکەین، کورد لەوەتەی هەیە ڕووبەڕووی داگیرکاری بووەتەوە، بۆیە دەبێت کورد و لایەنە سیاسیەکان یەکبگرن و دژی دوژمن بوەستن.

 

هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەکاتێكدایە، لە ٣ی نیساندا تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕاگرت و لە ٧ی نیسان هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی شاری سلێمانی.