"دەوڵەتی ئێران هەوڵ دەدات بە ژەهراویبوون ئیرادە و هێزی ژنان بشکێنێت"

مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی ژنی خوێندنگاکانی شاری مەنبجی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ژەهراویبوونی خوێندکارانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان شەرمەزار کرد و داوای لێکۆڵینەوەیان کرد.

سیبیلیا ئەل-ئیبراهیم

 

مەنبج- بە هەزاران خوێندکاری زیاتر لە ٥٠ خوێندنگە لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ەوە ژەهراوی کراون.

 

ژەهراوی کردنی زیاتر لە ٧ هەزار خوێندکاری کچ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاردانەوەی لای مامۆستایان و خوێندکارانی کچ لە مەنبەج دروستکردووەو داوایان لەڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و چالاکوانانی ماف و ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد دەستوەردانێکی بەپەلە بکەن، بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان لەڕێگەی لێکۆڵینەوەکان و ئاشکراکردنی پرسی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ لەئێران.

 

"ژەهراویبوونی خوێندکاران شەڕی دژی ژنان نیشان دەدات"

عەبیر بەرهۆ، جێگری هاوسەرۆکی کۆمیتەی پەروەردەی مەنبج و گوندەکانی وتی: ژەهراویبوونی خوێندکارانی کچ لە ئێران جەخت لە شەڕی دژی ژنان و راپەرینیان دەکاتەوە چونکە بناغەی کۆمەڵگەن دەیانەوێت بە ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ ئیرادەو هێزی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بشکێنن، حکومەتی ئێران سیاسەتی چەوساندنەوەی ڕاپەڕین پەیڕەو دەکات، ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ ژنان دەردەبڕین و سڵاو لە تێکۆشانیان دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە کە هیچ ڕێگەیەک بۆ گەڕانەوە نییە و دەبێت بەردەوام بن لە ڕاپەرین لە دژی زوڵم و زۆرداری هەتا مافەکانیان بەدەستدەهێنن.

 

"دەبێت بە لێکۆڵینەوە هۆکاری ژەهراویبوون ئاشکرا بکرێت"

ئەمینە موراد، بەڕێوەبەری خوێندنگایەکی مەنبج، ئیدانەی ڕووداوەکانی ژەهراویبوونەکەی کرد و وتی: ئێمە وەک مامۆستایانی ژن لە شاری مەنبج ئیدانەی ئەو کارە نامرۆڤانەیە دەکەین کە دژی خوێندکاران دەکرێت، ژەهرخواردکردنی خوێندکارانی کچ لە ئێران ڕەتدەکەینەوە.

 

ئەمینە موراد داوای لێکۆڵینەوەیەکی گشتی کرد لە هۆکارەکانی ژەهراویبوون و وتی: نابێت ژنان دەستبەرداری مافەکانیان بن بۆ خوێندن و بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان درێژە بە ڕاپەرین بدەن.

 

"دەیانەوێت ڕێگری لە پەروەردەی ژنان بکەن"

هودا جەمال، بەڕێوەبەری خوێندنگە دووپاتیکردەوە کە ژەهراویبوونی خوێندکارانی کچ لە هەموو شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاوانی دژ بە مافەکانی مرۆڤە و وتی: ئامانجی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ ئەوەیە کە ڕێگە لە پەروەردەکەیان بگرن و ڕۆحی ئازادی بکوژن، ڕووداوی ژەهراوی بوون بووە هۆی وەستانی خوێندن لە خوێندنگەکاندا.

 

"ئامانجیان ڕێگرتنە لە ڕۆحی شۆڕش"

مامۆستا خیتام وەلۆ وتی: بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردە بەگشتی ڕابوەستێت و ڕۆحی شۆڕشگێڕی لەناو گەنجاندا بمرێت بەردەوامی بە ژەهرخواردکردنی خوێندکارانی کچ دەدەن کە بەئامانجی ڕێگەگرتنە لەخوێندنی کچان.

 

هەروەها بۆ بنەماڵەی خوێندکاران وتی: پێویستە پشتیوانی لەخوێندکارانی کچ بکەن و لەگرنگی خوێندن هۆشیاریان بکەنەوە کە خوێندن زۆر گرنگە بەتایبەتی لەژیانی ژناندا، ژنانی ڕۆشنبیر دەتوانن لە بەرامبەر شێوازەکانی توندوتیژی لەکۆمەڵگەدا تێبکۆشن.