سەمسور لە بن ئاودایە: بمردینایە لەم دۆخە باشتر بوو

خەڵکی سەمسور کە ڕزگاریان بووە پێداویستییەکانی وەک چادرو کابینەیان بۆ دابین نەکراوە، ماوەی دوو ڕۆژە بارانێکی بەخوڕ هەیەو لە بارودۆخێکی سەختدان، قوربانیانی بوومەلەرزەکە کە لە ژێر ئاودا بوون بە درێژایی ڕۆژ لەبەر دەستیاندا کار دەکەن.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

سەمسور- لەسەمسور دوای بوومەلەرزەکە هەزاران خانوو وێران بوون و هیچ ماڵێک نەماوە کە زیانی پێنەگەیشتبێت،  خەڵک لە چادردا دەمیننەوە، لەو ڕۆژەوەی کە بوومەلەرزەکە ڕوویداوە تا ئێستا، ئەو هاوڵاتیانەی کە ناچنە ماڵەوەو لە دەرەوە دەژین، سەرەڕای ئەوەی کە ٣٧ ڕۆژ تێپەڕیوە گەیشتن بە چادرو کابینە ئەستەمە، ئەو هاوڵاتیانەی تا ئێستا پێداویستیەکانیان دابین نەکراوە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی بارانێکی زۆرەوە پەرێشان بوون و چەندین چادریش لە ئاوەکەدا ماونەتەوە.

 

ئەو بارانەی باری هاوڵاتیانی پەرێشان کرد

بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە بەتایبەتی لە سەمسور کە چادرەکان لەژێر ئاودان، خەڵک کار دەکەن بۆ ئەوەی ئاو نەڕواتە چادرەکانیان، ئەو هاوڵاتیانەی لە چادری ئاودا نامێننەوە بۆ وشک کردنەوە بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن،  کاتێک لەگەڵ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە کە لە شارەکەدا ڕوویدا کۆبووینەوە، هەڵوێستیان لە دژی دەسەڵاتداران و شارەوانییەکان نیشانداو وتیان: "بمردینایە لەم بارودۆخە باشتر بوو".

 

"منداڵەکانم شەوانە دەچنە نەخۆشخانە"

گوڵلو ئوگور ئاماژەی بەوەکرد کە بەهۆی باران بارینەوە چادرەکەی مەترسی لەسەرەو لە دۆخێکی زۆر خراپدایەو خپی و هەردوو منداڵەکەی تووشی نەخۆشی بوون و وتی: "باران دێتە ماڵەکەوە، نە چادرێکی ڕێک و پێک هەیە نە هیچ شتێک، با چارەسەرێکمان بۆ بدۆزنەوە، پێویستمان بە شوێنێکی ئارامە، بۆ ڕۆیشتن هیچ دەرفەتێک نیە، نان و خواردن نیە. هەموو شتێک نەما، دەتوانین یەک مانگ بەم شێوەیە بین ئەم دۆخە دوو سێ مانگ ناخایەنێت ڕەنگە دوو ساڵ بەردەوام بێت و نازانین هیچ بارودۆخ و دەرفەتێکمان نییە، هێشتا دەوڵەت نەهاتووەتە ئێرە، تەنانەت ئەگەر هاتبێت، ئێمە نەماندیوە،  با سەیری ئێمە بکەن، تەوالێت نییە، حەمام نیە، هەموومان نەخۆش کەوتوین، من هەموو شەوێک دەچم بۆ نەخۆشخانە، پێش ئەوەش کچەکەمم برد، کەس نازانێت کێ مردووە، کێ بێسەروشوێنە".

 

"ئێمە دەوڵەتمان نەبینیوە"

خانم جەنگیز، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە بەهۆی ئەوەی ئاو چووەتە چادرەکانەوە داوای شۆفڵیان لە شارەوانی کرد بەڵام وەڵامیان نەدایەوە و چادرەکان لە ئاودا ماونەتەوەو وتی: "ئێمە لە ئاودا دەژین، هەموو ئەو شتانەی پێویست بوو بە دەرفەتی خۆمان کردمان، ئێمە دەبێت لە باراندا بە دوای شارەوانیدا بگەڕێین، بەڵام یەک شۆفڵیش نییە، ئێمە مردین، باشتر بوو بمرین، ئاو دێتە چادرەکەمان، بە بوومەلەرزەکە نەمردین و ئیستا ئاو لێمان دەدات، هیچ شتێک نیە، حەمام نیە، ئاو نیە، ئێمە هەوڵ دەدەین بەم شێوەیە بژین، کەس نییە سەیری ئێمە بکات، کەس نەهات بۆ ئێرە تەرمەکان دەربکات، خەڵک خۆیان تەرمەکانی خۆیان دەرهێنا، دەوڵەت لەکوێیە، ئێمە دەوڵەتمان نەبینیوە، لێرە هیچ یارمەتییەک نییە، کەس ئاگای لە ئێمە نەبووە".

 

ئەلیف جان لەبەردەم چادرەکەی کە لە ناو ئاودایە و لە دەرەوە لەژێر باراندا دەمێنێتەوە وتی: "ماڵەکەم ڕووخا، ئێمە لە ژێر پارچە کاغەزێکدا دەمێنینەوە، شارەوانی هات بۆ ئێرە، وتم شتێک بکەن و وتیان براندت پێ ئەدەین، بەڵام ناتوانن ئێمە بپارێزن، نازانم چی بکەم، ئێمە قوربانین".