جیاوازی جێندەری لە دادگا نێودەوڵەتییەکانیش هەیە
ئەمڕۆ لە دادگای نێودەوڵەتی کە بە" دادگای جیهانی" ناسراوە، لە کۆی ١٥ دادوەر تەنها چواریان ژنن، بەگشتی دادگای لاهای لە مێژووی خۆیدا پێنج دادوەری ژن و ١٠٦ دادوەری پیاوەی هەبووە.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕۆژی جیهانی دادوەرانی ژن باس لە گرنگی ڕۆڵ و پێگەی ژنان دەکرێت لە دەسەڵاتی دادوەریدا، بەڵام سەرەڕای خەباتی چەندەها ساڵەی ژنان لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا جیاوازی جێندەری دەبیندرێت، سێ دادوەری ژنی پێشەنگ چیرۆک و ئەزموونەکانیان لە دادگای نێودەوڵەتی داد باسکردووە، لە دادگای نێودەوڵەتیدا لە کۆی ١٥ دادوەر تەنها ٤ دادوەر ژنن، یەکسانی جێندەری لە دەسەڵاتی دادوەریدا لە مێژوودا ناهاوسەنگ بووە، لەنێویاندا لە دادگای نێودەوڵەتی داد، کە ئۆرگانێکی سەرەکی دادوەری نەتەوە یەکگرتووەکانە، یەکەم ژن لە ساڵی ١٩٩٥ وەک ئەندامی دادگاکە هەڵبژێردرا، ئەویش دام ڕۆزالین هیگینز بوو، کە لە ساڵی ٢٠٠٦دا بووە یەکەم ژنە سەرۆکی دادگا.
ئەمڕۆ لە دادگای نێودەوڵەتی کە بە" دادگای جیهانی" ناسراوە لە کۆی ١٥ دادوەر چواریان ژنن، لەنێویاندا سەرۆکی دادگاکە ژنێکە بە ناوی جوان ئی، بەگشتی دادگای لاهای لە مێژووی خۆیدا پێنج دادوەری ژن و ١٠٦ دادوەری پیاوی هەبووە.
بەشداریکردنی ژنان لە دەسەڵاتی دادوەریدا زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لەوەی دادگاکان ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی کۆمەڵگەن و چارەسەری کێشەکانی هاوڵاتیان دەکەن، دادوەرە ژنەکان شەرعیەتی دادگاکان بەرز دەکەنەوە، پەیامێکی بەهێز دەنێرن کە بەدوای دادپەروەریدا دەگەڕێن
بۆ یادی ڕۆژی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەوروپای ڕۆژئاوا چاوپێکەوتنی لەگەڵ سێ دادوەری دادگا ئەنجامدا، ئەوانیش، هانکین شوێ، دادوەر لە دادگای نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٠ و جێگری سەرۆک لە ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢١، هیلاری چارلسۆرس، دادوەری دادگای نێودەوڵەتی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١ەوە، و دام ڕۆزالین هیگینز، دادوەر لە دادگای نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩٥ تا ٢٠٠٩ و سەرۆکی دادگا لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٩
جەنگی ڕزگاری ژنان بەردەوامی هەیە
دادوەر هانکین شوێ ئاماژەی بەوەداوە، کە جەنگی ڕزگاری ژنان لە مێژە بەردەوامی هەیە، بەڵام دادگای نێودەوڵەتی تا ساڵی ١٩٩٥ دادوەرێکی ژنی نەبووە، کاتی ئەوە هاتووە دان بە دەستکەوتەکانی ژنان و بەشدارییەکانی ژنان و لێهاتوویی و بەهرەکانیان لە بواری نێودەوڵەتیدا بنێین.