یەکێتی ژنانی کوردستان چالاکییەکی هونەرییان بۆ ٨ی ئادار ڕێکخست

لە ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، ٨ی ئاداردا یەکێتی ژنانی کوردستان چالاکیەکی هونەرییان ڕێکخست و لە پێشەنگایەتی فۆتۆییدا تێکۆشان، بەرخۆدان و سەرهەڵدانی ژنانیان لە چوار پارچەی کوردستان نیشاندا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، یەکێتی ژنانی کوردستان بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان چالاکیەکی هونەرییان بە دروشمی "هێزی ژن لە یەکبووندایە" ڕێکخست و تێیدا چەند نمایشێکی هونەری پێشکەشکرا.

 

ژنانی بەشداربوو لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە بەشدارییان تێداکرد و هیوایان خواست چیتر توندوتیژی و پیشێلکردنی مافەکانی ژنان بەردەوام نەبێت.

 

لە چالاکییەکەدا چەند پارچە موزیکێک لەلایەن گروپی ژنانی گەنجەوە پێشکەشکرا، لە پێشەنگایەکیشدا وێنەی سەرهەڵدانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەرخۆدانی شەڕڤانان و ژنانی ئێزدی و کارەساتی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و چەندین وێنەی دیکەی تێکۆشانی ژنان نمایشکرا.

 

شلێر محەمەد، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستانە، ئاماژەی بەوەدا، لە ڕۆژی ٨ی ئاداردا کە ڕۆژی تێکۆشانی ژنانە پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی هەموو ژنان دەکەم، ئەمڕۆ ڕۆژی خەباتی ژنانە بۆ دەستەبەرکردنی مافە زەوتکراوەکانیان، هیوادارم توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان نەمێنێت و مافیان پێشێل نەکرێت.