یاساکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان لە سیمینارێکدا خرایەڕوو

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، شۆخان عەبدوڵا، پارێزەر، سیمینارێکی لەبارەی یاساکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان پێشکەشکرد.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە دامەزراوەی ڤیم لە شاری سلێمانی، سیمینارێک لەسەر یاساکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان لەلایەن پارێزەر، شۆخان عەبدوڵاوە پێشکەشکرا.

 

لە سیمینارەکەدا شۆخان عەبدوڵا باسی لە یاسای باری کەسێتی کرد، کە پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە، وتی: فرە مەزهەبی لە کوردستان و عێراقدا ڕێگری دەکات لە گۆڕینی بەشێک لە یاساکان، پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە هەموو شوێنێک هەیە، بەڵام لە هەر وڵاتێک بە پێی یاساکەی گۆڕانکاری کردووە، لە هەرێمی کوردستان گرفتی زور هەیە له یاساکاندا، هەروەها لە هەر هەنگاوێکدا سەبارەت بە یاسای هاوسەرگیری پێویستە لایەنی ماددی خۆی بچەسپێنێت، دایکایەتیش گرنگترین مافە کە دەدرێت بە ژن لە یاسادا، ژنان مافی نیشتەجێبوونی هەیە کە لایەنی بەرامبەر دەبێت بۆی دابین بکات".

 

شۆخان عەبدوڵا باسی لەو یاسایەنە کرد کە جێبەجێنەکراوە، یەکێکیش لەوانە بڕگەکانی جیابوونەوەی هاوسەرانە، لەو بارەیەوە وتی: ئەگەر ژنی جیابووەوە هیچ لایەنێکی مادوی نەبوو، دەبێت حکومەت بۆی دابین بکات، هەروەها یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی یاسایەکی باشە کە ڕۆڵی گرنگی هەیە، لەم یاسایەدا ماددەی ٧ زۆر جەختی لەسەر دەکرێتەوە، شیربایی و خوێن و چەندین شتی تر ڕەتکرایەوە بەم یاسایە، بەڵام بەداخەوە زۆربەی خێزانەکان بە هەڵە لەم یاسایە تێگەیشتوون و وایلێدەکەن ببێتە هۆی کێشەی خێزانی.

 

دەربارەی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکان، بۆ چەسپاندنی مافەکانی ژنان جەختیکردنەوە کە، یاساکە سودی زۆری هەبووە، تەنانەت ئەگەر کەسەکە خۆی ڕازیبێت بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانی، ئەگەر کێشەی لێبکەوێتەوە بەم یاسایە سزا دەدرێت.

 

"هیوادارم ژنان سوربن لەسەر داواکردنی مافەکانیان"

نیان ئەحمەد، مامۆستا، پیرۆزبایی ٨ی ئاداری لە هەموو ژنانی جیهان و ژنانی کورد بە تایبەتی کرد و وتی: هیوادارم ژنان سور بن لەسەر داواکردنی مافە ڕەواکانی خۆیان، دەبێت ژنان خۆیان بێنە پێشەوە لە هەموو بوارەکاندا، چونکە تەنها ژنان خۆیان دەتوانن مافەکانیان بەدەستبهێنن، توندوتیژی لە جیهاندا هەیە، بەڵام لە باشووری کوردستان زیاترە و هیوادارم نەمێنێت.