تەحریر ئەلشام بە بیانووی جۆراوجۆر فشار لەسەر ژنانی ئیدلب زیاد دەکات

تیمەکانی ئاسایش و چاودێری سەر بە تەحریر ئەلشام بە بیانووی جۆراوجۆری وەک پاراستنی ئەخلاق، حیجاب، تێكەڵبوون بە کۆمەڵگە، ئاستەنگی بۆ ژنانی ئیدلب دروست دەکات.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- تەحریر ئەلشام یەکێکە لە ڕێکخراوە توندڕەوەکان و فشار دەخاتە سەر ژنانی ئیدلب و بەتایبەتی لەناو ژنانی فەرمانبەردا بچوکترین وردەکارییەکانی ژیانیان کۆنتڕۆڵ دەکات.

 

بەهۆی فشارەوە ناچار بە وازهێنان دەبێت

دوعا سوبحی تەمەن  ٢٨ساڵ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە ئاوارەی کامپەکانی باکووری شارۆچکەی عەتما لە ئیدلب بووە، ناچاربوو کارەکەی کە لە فرۆشگایەکی جلوبەرگدا بووە بەجێبهێڵێت، ئەوەش دوای ئەوەی هەڕەشەیان لە خاوەن فرۆشگاکە کردووە، کە ئەگەر داواکارییەکان جێبەجێ نەکات ئەوا شوێنەکەی دادەخەن.

 

دوعا سوبحی باسی لە فشاری تەحریر ئەلشام کرد و وتی: هەرکات هێزەکانی ئەلحەسبە کە سەر بە تەحریر شام بوون دەهاتنە لام و قسەی خراپیان پێدەوتم و هاواریان دەکرد، لەبەرئەوەی جلی پیاوان و ژنانم دەفرۆشت، بەپێی یاساکانیان ئەمە تاوان بوو، هەروەها هەڕەشەیان لە خاوەن فرۆشگاکە کرد و وتیان ئەگەر بەردەوام بم لە کارکردن، ئەوا شوێنەکەی دادەخەن و شتەکانی ناوی دەبەن، بۆیە خاوەن فرۆشگاکە ناچاربوو من لەکار دەربکات، من ئێستا بێکارم و چاوەڕێی یارمەتی خۆراکم کە ڕێکخراوە مرۆییەکان هەندێک جار دابەشی دەکەن، دوای ئەوەی ساڵی پار باوکی منداڵەکان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد، خەڵک زۆربەی کات خەڵک خیر بۆ من و منداڵەکان دەهێنێت.

 

"کردەوەکانیان وەک داعشە"

ژنان و چالاکوانانی شاری ئیدلب کە بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد وتیان، تەحریر ئەلشام هەموو بوارەکانی ژیانیان لە ڕێگەی ئەمنییەوە کۆنتڕۆڵ دەکات و کردەوەکانیان وەک کردەوەکانی داعش وەسف کرد.

 

ژنانی ئیدلب ئاماژەیان بەوەکرد کە دۆخی ژنان لە پارێزگای ئیدلب بە کردەوەو فشار و سنوردارکردنی ژنان و نەتوانینی کارکردن و چوونەدەرەوەی ماڵ دەورەدراوە.

 

لەبەرئەوەی بەتەنها لە بازاڕ بوو دەستبەسەرکرا

دۆخی ئایا غەریب تەمەن ٣٢ ساڵ خراپترە لە دۆخی دانیشتوانی ئیدلب، کاتێک لە بازاڕی شاردا بوو، بە بیاوی ئەوەی کە بەتەنها بووە لەلایەن ئەلحەسبەوە دەستبەسەرکراوە و وتی: دوای شەڕی نێوان من و ژنانی ئەلحەسبە، دوو کاتژمێر دەستبەسەر کرام و قسەی نائەخلاقیم بەرامبەرکرا، تۆمەتباریان کردم بەوەی بەتەنها لە بازاڕم، کاتێک وەڵامم دایەوە دەستبەسەر کرام، لەکاتی دەستگیرکردنەکەدا فشاری دەروونی و جەستەیی زۆرم بەرکەوت و دواتر واژۆیان پێکردم کە جارێکی تر قسە بەوان نەڵێم ئنجا ئازاد کرام.

 

"ئەوەی لە ئیدلب ڕوودەدات دژی هەموو یاساکانە"

ڕەوان ئەلڕەیا، مافناسە و دانیشتووی ئیدلبە خستیەڕوو، ئەوەی لەبارەی ئازادی تاکەکەسیی ژنانەوە دەکرێت پێشێلکارییەکی ئاشکرایە، ئەم کردەوانە دەبێت سنوردار بکرێن چونکە بۆتە جێگەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ ژنان بەتایبەتی ژنانی فەرمانبەر و ئەوانەی کە بەتەنها پشتگیری خێزانەکانیان دەکەن، پێویستە شێوازی یاسایی بەردەست بەکاربهێنرێت، وتیشی: "ئەوەی لە ئیدلب دژی مافەکانی ژنان ڕوودەدات، دژی هەموو یاسا و شەریعەتەکانە، ئەمە تەنیا شێوازێکی ئاستەنگدارییە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی خۆیان، قوربانی یەکەم و کۆتایی ژنانن، بە ناڕەزایی و لە دادگاکان هۆشیاری کۆمەڵایەتی و هۆشیاری ژنان لە گرنگی دانوستان لەگەڵ هەر لایەنێک کە بیەوێت تۆمار و سیاسەتی خۆی بەسەر ئەوان و ژیانیاندا دەسەپێنێت، لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ تەحریر ئەلشام بڕیارێکی دەرکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو کردەوانەی پەیوەندی بە بڕوانامەی دەرچوونی زانکۆوە هەیە وەک پەسەندکردنی بڕوانامەکان و ڕێگەدان بە دەستبەکاربوونیان، بۆیە دەیان خوێندکار نەیانتوانی بگەڕێنەوە شار و شارۆچکەکانیان.

 

"لەبەر فشاری چەتەکان ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ ئیدلب"

ڕیحان برەس تەمەن ٢٩ ساڵ دانیشتووی میارەت ئەلنوعمان لە باشوری ئیدلب، خوێندنی لە پزیشکی ددان لە زانکۆی حەما تەواو کردووە بەڵام نەیتوانیوە خێزانەکەی ببینێت و بگەڕێتەوە بۆ ئیدلب، چونکە ڕێگای گەڕانەوە لەو ناوچانەیە کە تەحریر ئەلشام کۆنتڕۆڵیان کردووە، ئەگەر بگەڕێتەوە خەون و هیواکانی لەکاری پزیشکیدا ون دەبێت چونکە ڕێگە بە دەرچووانی دامودەزگا حکومی و زانکۆکانی شام نادەن لە هەرێمەکانیان کاربکەن.

 

ڕیحان برەس، وتی: ئەگەر بگەڕێمەوە بۆلای خێزانەکەم، ئەوا داهاتوو و ٥ ساڵی کارەکەم لە دەست دەدەم پاش چەندین ساڵ لە چوون بۆ زانکۆو باوکم خەرجییەکی زۆری بۆ دابین کردم، ناتوانم لە نەخۆشخانە و پەیمانگای پزیشکی لە ئیدلب کار بکەم چونکە هەموویان سەر بە ئیدارەی تەندروستی تەحریر ئەلشامن.

 

لە شارێکی جیاواز و دوور لە کۆمەڵگەکەی دەژی

سارا حەبلوسی ٢٨ ساڵ مامۆستای زمانی ئینگلیزی خەڵکی شاری سەرمەدەو لە باکووری ئیدلبەوە قەدەغەی کارکردن بەسەریدا سەپێنراوە و ناچارکراوە لەماڵەوە بمێنێتەوەو هاوسەرگیری لەگەڵ گەنجێکی شاری حەلەبدا بکات، سارا حەبلوس ئاماژەی بەوەکرد کە بڕیارەکە شۆکێکی دەروونی گەورەی بۆ دروست کردووە کە هەموو خەونەکانی گەڕانەوە بۆلای خێزانەکەی شکستی هێناوە بۆیە دەبوایە لە حەلەب بمێنێتەوە و خێزانێکی نوێ دروست بکات و دوور لە خاوەن و خزم و کۆمەڵگەکەی.

 

"دەبێت چارەسەرێک بۆ خوێندکاران و دەرچووانی شارەکانی ئیدلب بدۆزرێتەوە"

سوزان حوسێن، سەرپەرشتیاری پەروەردە خەڵکی شاری هەرێمی ڕۆژئاوای شاری ئیدلبە و وتی: پێویستە چارەسەرێک بۆ خوێندکاران و دەرچووانی شارەکانی ئیدلب بدۆزرێتەوە، نابێت خوێندکاران لە ئەنجامی بڕیاری قەدەغەکردنی کار لە خێزان و شارەکانیان دووربخرێنەوە، دەبێت ڕێگاکانی یارمەتیدانی ئەو خوێندکاران و دەرچووانە بدۆزرێتەوە بۆ گەڕانەوە و درێژەدان بە ژیانی پیشەیی خۆیان بەشێوەیەکی ئاسایی.