دۆزینەوەی تەرمی ١٨ کۆچبەری ئەفغانی لەناو بارهەڵگرێکدا

پۆلیسی بولگاریا دوای دۆزینەوەی ١٨ تەرم لەناو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا، کە منداڵێکیان هەبوو، دەستگیرکردنی ٤ تۆمەتباری ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای دۆزینەوەی تەرمی ١٨ کەس کە منداڵێکیشیان لەناودایە، لە بارهەڵگرێکدا لە بولگاریا، پۆلیسی ئەو وڵاتە دەستگیرکردنی ٤ تۆمەتباری لەو بارەوە ڕاگەیاند.

 

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی بولگاریا، بارهەڵگرێکی جێهێڵراو لە نزیک سۆفیای پایتەختی ئەم وڵاتە گیرا، ٥٢ کۆچبەری ئەفغانی هەڵگرتبوو، کە ١٨ گیانیان لەدەستداوە و ٣٤ کەسیان کە ٥یان منداڵن ڕزگارکراون، کە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی هەرێمەکە کراون بۆ چارەسەرکردن و بەپێی زانیارییەکان هەندێکیان بارودۆخیان جێگیرە.

 

بۆریسلاڤ سارافۆن، سەرۆکی دەزگای لێکۆڵینەوەی نیشتمانیی بولگاریا، هۆکاری مردنی کۆچبەرانی بە خنکاندن ڕاگەیاند، هەروەها ئاسن مێدژیدەڤ، وەزیری تەندروستی بولگاریا، وێڕای ئەوەی ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسانە بەدەست برسێتی درێژخایەن و سەرما و شێداری زۆرەوە دەناڵێنن، دەشڵێت: ئەو کەسانەی لەناو بارهەڵگرەکەدا گیریان خواردبوو، بەدەست کەمی ئۆکسجینەوە دەناڵێنن، کەشوەوا سارد و شێدار بوو و چەند ڕۆژێک بوو نانیان نەخواردبوو.

 

بەگوتەی پۆلیس، ئەم کۆچبەرانە بەنیازبوون دوای کۆچکردنی نایاسایی بچنە ناو سربیا، بۆیە میدیاکانی ئەم وڵاتە ئەم ڕووداوەیان بە کوشندەترین ڕووداوی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە قەڵەمداوە.

 

بولگاریا یەکێکە لە ڕێگاکانی کۆچی نایاسایی کۆچبەران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستانەوە بۆ وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.