"بۆ ئەوەی سەگ تەرمی کەسوکارم نەخۆن ٥ ڕۆژ نەخەوتووم"

حەسرەت سەکمان، لە شەوی بوومەلەرزەکەدا ماڵەکەی ڕووخاوە و ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکەی لە دەستدا، ئاماژە بەوەدەکات بۆ ئەوەی سەگ تەرمی کەسوکارەکەی نەخۆن ٥ ڕۆژ ئێشکگر بووە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور- دوای بوومەلەرزەکە ڕۆژەکان تێپەڕین، بەڵام هێشتا خەڵک بەسەر شۆکە سەرەتاییەکەدا زاڵ نەبوون، هاوڵاتیانی سەمسور-ئادیامان ناتوانن هاواری ناو بینا ڕووخاوەکان، دەنگی یارمەتی و کاریگەری هەموو دڵۆپێکی باران و بوونی سەرما لە بیرەوەری خۆیان بسڕنەوە، لەو شارەی کە هەمووان چەند کەسێکی خۆشەویستیان لەدەستداوە، ڕابردووشیان نەما.

 

حەسرەت سەکمان ٧١ خزمی لە بوومەلەرزەکە لە دەستداوە، بەم وشانە دەستی بەقسەکانی کرد: "من لە ڕووی جەستەییەوە باشم، جەستەم نەکەوتە ناو گۆڕەوە، بەڵام نازانم چۆن دەژیم".

 

"هەرگیز ناتوانم ئەو هاوار و دەنگی یارمەتییانە لەبیر بکەم"

حەسرەت سەکمان وتی: لە ڕۆژی بوومەلەرزەکە لەگەڵ دایکم و باوکم چوومە دەرەوە، دوای ڕۆیشتمان بۆ دەرەوە هەمووان هاواریان دەکرد، ماڵەکەمان ڕووخا، چۆن لە ماڵ دەرچووم سەری ماڵی ئامۆژنم کرد، ئەو ڕۆژە بارانێکی زۆر دەباری، قاچەکانی ئامۆژنم لە ژێر داروپەردوودا بوون، مامم و ئامۆزاکەم لە ژێر داروپەردوو گیانیان لە دەستدا. بەڵام لاشەی ئامۆزاکەم پارچەیەک لە ناوەوە پارچەیەکیش لە دەرەوە بوو، ئێمە هەوڵماندا ئامۆزاکەمان دەربهێنین، بەڵام نەمانتوانی بیهێنینە دەرەوە، من بۆ ماوەی ١٨ کاتژمێر لەوێ لە ئازاردا مامەوە، کەس نەهات بۆ یارمەتی ئێمە.

 

هیچ پێناسەیەک بۆ ئەم ئازارە نییە

ئامۆژنم بۆ ماوەی ١٨ کاتژمێر لە ژێر داروپەردوودا بوو، بۆ ئەوەی کچەکەی نەبینێت، کە پارچەیەکی لە دەرەوە بوو، دەبوو بەردەم سەری کچی مامم بگرین کە لە دەرەوە بوو، بۆ چەند کاتژمێرێک یارمەتی نەبوو، دوای ئەوە بۆ چەند کاتژمێرێک داوای یارمەتیمان کرد، هەمووان دەگریان، خەڵک لە ژێر بینا ڕووخاوەکان هاواریان دەکرد، ناتوانم وەسفی ئەم ئازارە و ئەم دیمەنە بکەم، ئامۆژنم و کوڕی مامم و کچی ماممان بە هەوڵی خۆمان دەرهێنا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کەس نەهات یارمەتیمان بدات.

 

سەمسور لەبیری ناکات کە ئێمە بەتەنها جێهێڵدراین

حەسرەت وتی: لە بینایەکی تەنیشت ژنێک سێ ڕۆژ هاواری کرد، هیچ کەسێکمان نەیتوانی هیچ کارێک بکات، پاشان دەنگی ئەو نەما، بە بەرد لە دیوارەکەی دەدا، کەس هیچ شتێکی نەکرد، لە کۆتاییدا تەرمی ژنەکە دەرهێندرا، ئێمە ئەم هاوارانە لە بیر ناکەین، سەمسور ئەمە لەبیر ناکات، کەس ناتوانێت ئەو سێ ڕۆژە لەبیر بکات کە بە تەنها بووین، دوای ٧ ڕۆژ توانیمان تەرمەکانیان دەربهێنین، من پاڕامەوە بۆ ئەوەی تەرمی کەسوکارم ببینم.

 

حەسرەت ماوەی ٥ ڕۆژ نەیتوانیوە ئامۆزاکەی لەناو داروپەردوو لاببەن، لەشی بۆ سێ بەش دابەشببوو، "نەمانتوانی هیچ بڵێین چونکە ژیانمان لە ئازاردا بوو، ئیتر نەماندەتوانی کە بگرین، من بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ نەخەوتووم بۆ ئەوەی سەگ لاشەی ئامۆزاکەم نەخوات، من بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ نەخەوتم، تۆ دەتوانی دوو ڕۆژ نەخەوی؟ هەموو خەڵکی ئێرە بەم شێوەیەن، نازانین چۆن دەژین، ئێمە لە ماڵی خۆمان بووین، لە ئارامی خۆماندا بووین، هەموو خۆشەویستەکانمان لە دەستدا، هیچ کەسێک بۆ ماوەی سێ ڕۆژ نەهات تەرمەکانمان چەند ڕۆژێک لە ژێر داروپەردوودا مانەوە.