دەوڵەتی تورک دەستبەسەر ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەدەپەدا دەگرێت
دەوڵەتی تورک بڕیاریدا لە شارۆچکەی بازاڕجیخ دەستبەسەر ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەدەپە بگرێت، لە بەرامبەردا پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوەکرد، مافی هیچ کەسێک نییە ڕێگری لەو یارمەتییانە بکات.
ناوەندی هەواڵ
دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کەبووە هۆی ویرانی گەورە لە ١٠ شاری باکووری کوردستان و تورکیا، هاوڵاتیانی خۆبەخش و لەگەڵیدا هەدەپە دەستیانکرد بە کۆکردنەوەی هاوکاری و گەیاندنی بە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە، بەڵام دەوڵەتی تورک کە خۆی یارمەتی زیانلێکەوتووان نادات دەستیش بەسەر هاوکارییەکاندا دەگرێت و ڕێگری دەکات بگاتە دەست خەڵک.
لە نوێترین کاریدا، دەوڵەتی تورک لە شارۆچکەی بازاڕجیخی مەڕەش کە ناوەندی بوومەلەرزە بەهێزەکە بوو، دەستی بەسەر هاوکارییەکانی هەدەپە و ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی ئەو پارتەدا گرت و کەسێکی بۆ سەرپەرشتیکردنی دیاریکرد.
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە سەبارەت بەو دەستبەسەرداگرتنە لەلایەن قایمقامیەتی شارۆچکەکانەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەمە خۆرگیرانی عەقڵە، لە کاتێکدا مرۆڤەکان بە هۆی برسێتی و سەرما و بوومەلەرزەوە کارەساتێکی گەورەیان بەسەردا دێت، مافی هیچ کەسێک نییە ڕێگری لەو یارمەتییانە بکات.
پەروین بوڵدان وتی: "لە گوندی حەسەنکۆجا، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ، هاوڕێ خۆبەخشەکانمان و دۆستانی پارتەکەمان و خەڵکی پازارجیخ بە هاوبەشی بە ڕۆحی هاودەنگییان خستەڕوو، بەڵام ئەمڕۆ دەوڵەت هەڵیانکوتایە سەر ئەو کۆگایەی کە هاوکارییەکان تێیدا کۆکراونەتەوە و بە هاوڕێکانمانیان وت کە لەوێ کاردەکەن، ‘ئێوە ئەم شوێنە دەدەنە دەستمان و ئێمەش ئەو کەلوپەلانە دابەش دەکەین کە بڕیارە دابەشبکرێن یان هەمووتان دەستگیر دەکرێن".
ئەوەشیخستەڕوو کە لە ڕۆژانی سەرەتا دەوڵەت بە هیچ شێوەیەک هاوکارییانی بۆ گەل نەبردووەو بەم شێوەیە ئامادە نەبوون، دەستپێشخەرییەکیان دەستپێکرد بۆ ڕێگریکردن لەو هاوکارییەی کە دەکرێت، بەڵام بۆ ڕاگرتنی هەڵمەتی هاوکاری هەدەپە ئامادەبوون.
هاوسەرۆکی هەدەپە جەختی لەوەکردەوە: بە ئاشکرا دەیڵێن و هاوکارییەکانیان دەگەیەننە گەلەکەیان، بە هەر نرخێک بێت بۆ سەرما و برسێتی جێیان ناهێڵن.