٧ هەزار و ٦٨٢ کەس لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە
لە درێژەی هەوڵەکان بۆ گەڕان و ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە، ئامارەکانی مردن و برینداربوون زیاد دەکات، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژەی بەوەداوە، پێدەچێت زیانەکان ٨ هێندە بن.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ئامارەکانی سەرۆکایەتی کارەسات و فریاگوزاری (ئافاد)، بەهۆی ئەو بوومەلەرزانەی تا ئێستا لە ١٠ پارێزگادا وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتووەتەوە، ٥ هەزار و ٨٩٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٤ هەزار و ٨١٠ کەسیش برینداربوون، ژمارەی باڵەخانە وێرانبووەکان بە ٥ هەزار و ٧٧٥ بینا و باڵەخانە تۆمارکراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی دەوڵەتی سوریا، سانای سوریا، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا لە پارێزگاکانی حەلەب، لازقییە، حەما و تەرتوس، ٨١٢ کەس گیان یان لەدەستداوە و ١٤٤٩ کەسیش برینداربوون، هاوکات بە گوێرەی ئاماری گروپە چەتەکانی سەر بە تورکیا لە باکوری سوریا و بەشێکی ڕۆژئاوای کوردستان لانیکەم ٩٧٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار و ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.
هاوکات دەستەی تەندروستی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، لە بومەلەرزەکەدا شەش کەس گیانی لەدەستداوە و ٥٧ کەسیس بریندار بوون.