لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ١١ کرێکار گیانیان لەدەستداوە

جێبەجێ نەکردنی یاساکان و پارێزگاری نەکردن لە کرێکاران لەلایەن حکومەت و کەسانی خاوەن کارەوە، وایکردووە ژمارەی کرێکاری قوربانی زیاد بکات.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕێکخراوی دابین لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی دابین کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست و ڕاپۆرتی شەش مانگی ڕەوشی کرێکاران و کارمەندای کەرتی تایبەت لە پارێزگاری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینی خستەڕوو.

 

ڕاپۆرتەکە لە چوارچێوەی پرۆژەیەک دایە، کە کارکردنە لەسەر چەند دەزگایەک لە ناویشیاندا سەندیکای کرێکارانی کوردستان و هۆشیارکردنەوەی کرێکارانی کەرتی تایبەتە دەربارەی هەردوو یاسای تایبەتمەند بە کرێکاران، ئەوانیش یاسای ٧١ی کار و یاسای ٣٩ کە تایبەتە بە خانەنیشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.

 

لە کۆنگرەکەدا ئاماری شەش مانگ خرایەڕوو، بەشێکیان ئاماری بەڕێوبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بوو، کە یاسای ٣٩ی خانەنیشینی جێبەجێ دەکات، کۆی ئەو سەردانانەی لیژنەکانی پشکنین لەم بەڕێوبەرایەتیە کە لەو ماوەیەدا بۆ پرۆژە دابینکراوەکان ئەنجامیان داوە، دوو هەزار و ٣٧٥ سەردان بووە، کۆی سەردانی پڕۆژە دابینکراوەکان ١٥٨ سەردان بووە، ئەو پڕۆژانەی دراون بە دادگا لەبەر سەرپێچی ٤٣ دۆسیەیە.

 

کۆی کرێکارانی ناوخۆیی تۆمارکراو لە بەڕێوبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ٤٥ هەزار و ٥١٨ کرێکارە، لەم ڕێژەیە ٣٥ هەزار و ٩٥٨ لە ڕەگەزی پیاو و ٩ هەزار و ٥٦٠یان ژنن، کۆی کرێکارانی بیانی تۆمارکراویش لە سندوقی خانەنشینی بەڕێوەبەرایەتییەکە ٣ هەزار و ٣٧٧ کرێکارە، لەو ڕێژەیەش ٢ هەزار و ٩٠١ پیاو و ٤٧٦ ژنن.

 

کۆی ئەو کرێکارانەی لەو ماوەیەدا پاداشتی کۆتایی خزمەتیان وەرگرتووە هەزار و ٢٦٢ کرێکارە کە هەزار و ١٧٠ کرێکاریان ناوخۆیی بووە و ٩٢یان کرێکاری بیانی بوون، ئەو کرێکارانەی کە خانەنشین بوون تەنها ١٠ کرێکارە.

 

ژمارەی کرێکاری قوربانی ١١ کرێکارە کە ٦یان لە سلێمانی بووە و ٢ لە ئیدارەی گەرمیان بووە، ٢ کرێکاری تریان لە هەورامان بووە و یەک دانەیان لە چەمچەماڵ بووە، لەو ژمارەیە ٥یان کرێکاری بیناسازی بە هۆی کەوتنەخوارەوە بووە، ٢ کرێکاریان بە هۆی گواستنەوەی سوتەمەنی، ٣ کرێکاریان بەهۆی کارەبا و یەک کرێکاریان بەهۆی فیشەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

"دابین نەکردنی پێداویستیەکانی کارکردن ژمارەی قوربانیانی کرێکاری بەرز کردووەتەوە"

دڵسۆز زەنگەنە، بەڕێوبەری ڕێکخراوی دابین، ئاماژەی بەوەکرد، ئامارەکانی قوربانیانی کرێکاران زیادیکردووە، ئەمەش دەگڕێتەوە بۆ جێبەجێنەکردنی یاساکان و خراپبوونی باری ژیانی کرێکاران، هەروەها دابین نەکردنی ئەو پێداویستیانەی کە پێویستە هەبێت بۆ کرێکار لە کاتی کارکردندا لەلایەن حکومەت و خاوەنکارەوە، یان ئەگەر هەشبێت کرێکار هۆشیاری نییە دەربارەی بەکارهێنانی، بۆیە دەبێت ئەو دامەزراوانەی کە پەیوەستە بە کرێکار زیاتر کار لەسەر کرێکاران بکەن و گرنگی بە جێبەجێکردنی یاساکان بدرێت.