ئاماری کوشتن و خۆکوشتنی ساڵی ٢٠٢٢ی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە

ئاماری ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٢٢ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خرایەڕوو، تیایدا ئاشکرا کرا کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢٤٠ کەس خۆیان کوشتووە و ٢١٥ کەسیش کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٤ی کانوونی دووەم، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەرێمی كوردستان ئاماری ڕووداوەكانی ساڵی ٢٠٢٢ی شارەكانی هەرێمی کوردستانی بڵاوكردەوە.

 

بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢٤٠ کەس خۆیان کوشتووە و ٢١٥ کەسیش کوژراون، ١٨٣ لەوانە بە ئەنقەست کوژراون و ٣٢ى دیکەشیان پاش لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە بێ مەبەست کوژراون.

 

جگە لە ڕووداوەکانی کوشتن ئاماری ڕووداوەکانی دیکە خرانەڕوو وەک، ڕووداوی دزیكردن، کە بە گشتی لە هەرێمی كوردستان پێنج هەزار و ٩٣١ حاڵەت بووە، دوو هەزار و ٥٧٦ حاڵەتی بەكارهێنانی خراپ بەکارهێنانى ئامرازەكانی پەیوەندیكردن، هەزار و ٣٩٨ ڕووداوی ساختەكاری، هەزار و ١٥٦ كەس بە تۆمەتی سواڵكردن دەستگیركراون.

 

لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٣٢٤ كەسیان بە تۆمەتی بەکارهێنانى ماددەی هۆشبەر دەستگیركردووە، ٢١٢ ڕووداوی تەقەكرد هەبووە و پێنج هەزار و ٢٠٦ حاڵەتی هەڕەشەكردن لە بنكەكانی پۆلیس تۆماركراوە.

 

هەر بەپێی ئامارەکان لە ساڵى ٢٠٢٢ دا ٢٠٧ كەس لە ڕووداوە جۆراوجۆرەكاندا سووتاون، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی ڕابردوودا حەوت هەزار و ٥٤٦ ڕووداوی ئاگركەوتنەوەى تۆمار كردووە.