گەمارۆکانی حکومەتی دیمەشق هۆکاری گیان لەدەستدانی منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستانن

منداڵێکی ١٧ ڕۆژ بە ناوی حەسەن عەبدوڵا کیبار بەهۆی سەرما و نەبوونی پێداویستییەوە گیانی لەدەستدا، ئەمە دووەم منداڵە بەهۆی گەمارۆدانی گەڕەکەکانی شاری حەلەب لەلایەن حکومەتی شامەوە گیان لەدەستبدات.

ناوەندی هەواڵ

 

گەمارۆدانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب و کانتۆنی شەهبا لەلایەن فیرقەی ٤ی سەر بە حکومەتی دیمەشق  بەردەوامە و ڕێگە نادات کەرەستەی گەرمکەرەوە بچێتە ناوچەکەوە.

 

سەرما و نەبوونی پێداویستی ژیانی هاوڵاتیانی سەختکردووە و بەهۆیەوە ئەمڕۆ منداڵێكی ساوای ١٧ ڕۆژە، بە ناوی حسێن عەبدوڵا کیبار، بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستدا.

 

بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، هۆکاری دەستبەجێی گیان لەدەستدانەکەی هەوکردنی سییەکانی ساواکە بووە، کە بەهۆی سەرمای زۆرەوە تووشی بووە.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا منداڵێکی دیکەی ٤ ساڵ بە ناوی ویسا سیدۆ، بە هەمان شێوە بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستدا، لە ئەگەری بەردەوامبوونی گەمارۆدانی هەردوو گەڕەکەکە و کانتۆنی شەهباش، مەترسی زیادبوونی گیان لەدەستدانی بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان بوونی هەیە.