کۆنگرەی ستار پەروەردەی مێژووی ژن بە پیاوان دەڵێتەوە
کۆنگرەی ستار لە گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب، خولێکی پەروەردەیی سەبارەت بە زایەندپەرستی لە کۆمەڵگە و و ئازادی ژنان بۆ پیاوان ڕێکخست، ئەو پیاوانەی بەشدارییان لە خولەکەدا کردووە، ڕایانگەیاند، خولەکە فێربوون و گۆڕانکارییە بۆیان.
میدیا میقداد
حەلەب- کۆنگرەی ستار لە گەڕەکی شێخ مەقسودەی شاری حەلەب، خولێکی پەروەردەیی سەبارەت بە زایەندپەرستی لە کۆمەڵگە و و ئازادی ژنان بۆ پیاوان ڕێکخست، مونا کابەک، ئەندامی پەروەردەی کۆنگرەی ستار، باسی لەو ئاستەنگانە کرد کە لە یەکەم پرۆسەی پەروەردەدا ڕووبەڕووی بوونەتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە سەرەتا پیاوان چەمکی ئازادی ژن و مێژووی ژنیان قبوڵ نەکردووە، وتیشی: سەرەتا کارێکی قورس بوو، بەڵام ئێستا پیاوان ئەو ئاستەیان تێپەڕاندووە.
"پەروەردە گۆڕانکاری دروست دەکات"
محەمەد عەلی، بەشداربوویەکی خولەکەیە و دەڵێت: زۆر سوودمان لە پەروەردە وەرگرتووە و وانەکەش لەسەر پرسەکانی کۆمەڵگەی سروشتی و ئایین و کۆیلایەتی بوو، گۆڕانکارییەک لە بیرکردنەوەماندا ڕوویدا، پیاوان ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا لەدەستداوە و دەسەڵاتی دەوڵەت لەسەر پیاوان سەپێندراوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی کۆمەڵگە و ژنان بەتایبەتی هەبووە، ژنان زۆر خەباتیان کرد بۆ بنیادنانی یەکسانی، لەو پێناوەشدا دەبێت پیاوانیش هۆشیار ببنەوە و بە مێژووی ژنان و کۆمەڵگە ئاشنا ببن.
"پێویستە پیاوان پەروەردە بکرێن"
ئەسعەد عارف، هاوسەرۆکی شارەوانی ئەشرەفیە، وتی: پەروەردە بوو بە دەرفەتێک بۆ ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییەی کە حەقیقەتی ژن و ناسنامەکەیان لەناودەبات. پێویستە هەموو پیاوان وانەی فیکری فێربن، بۆ ئەوەی عەقڵیەتی خۆیان بگۆڕن و سوود بە گەشەسەندنی کۆمەڵگە بگەیەنن.
خەلیل عومەر، ئەندامی شارەوانی گەل، وتی: پەروەردە پەرە بە کۆمەڵگە دەدات و سوودی بۆ کەسایەتی پیاو هەیە، ئەو پەروەردەیەی بینیومە کەسایەتیمی گۆڕیوە.