دەیان ئاوارەی شەنگال بۆ زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە
بەهۆی ئارامی و سەقامگیربوونی شەنگال تادێت گەڕانەوەی ئاوارەکان زیاتر دەبێت و لەو چوارچێوەشدا نزیکەی ١٠٠ خێزانی ئاوارە لە کامپی سەردەشتی چیای شەنگال دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
ناوەندی هەواڵ
بەهۆی هێرشی چەتەكانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، بە هەزاران هاوڵاتی ئێزدی كۆچبەر بوون و بەشێك لەو هاوڵاتیانە لە كامپی سەردەشت لە چیای شەنگال نیشتەجێ بوون، دوای ئازادكردنی شەنگال خۆبەڕێوەبەری شەنگال، هەموو هەوڵێكی داوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەی شەنگال لە پێناو گەرانەوەی هاوڵاتیانی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان.
دوای تەواوبوونی بەشێكی بەرچاو لە خزمەتگوزارییەكانی شارەدێی تل عوزێر، ئاسایشی ناوچەكە كەوتە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی یەبەشە-یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدخان و بە هۆیەشەوە ڕۆژ بە ڕۆژ گەڕانەوەی خێزانەكان بۆ ئەو ناوچەیە لە زیادبووندایە.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا نزیكەی ٥٠٠ خێزان گەڕاونەتەوە بۆ شارهدێیی تل عوزێر، هەروەها بە هاوكاری ڕێكخراوە هاریكارییە مرۆییەكان و بە سەرپەرشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمڕۆ ٨٩ خێزانی دیکە لە كامپی سەردەشت لە چیای شەنگال دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان لە تل عوزێر.