لەمساڵدا ١٧ هاوڵاتی عێراقی لە ڕێگای کۆچدا گیانیان لەدەستداوە

دەزگای لوتكە ئاشکرایکرد کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٧١ هەزار هاوڵاتی عێراقی داوای مافی پەنابەریان لە وڵاتانی ئەوروپی كردووە، لە ڕێی كۆچیشدا ١٧ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە.

سلێمانی

 

کۆچکردنی هاوڵاتیانی عێراق و باشووری کوردستان بەهۆی نالەباری دۆخی سیاسی و ئەمنی و هەروەها هێرش و داگیرکاری ساڵانە ڕوو لە زیادبوونە، ئامانجی دوژمنان، کە کۆچپێکردنی هاوڵاتیانە، بەردەوامی هەیە و لە ڕێگای کۆچدا مەترسی ڕووبەڕووی ژیانی کۆچبەران دەبێتەوە و ساڵانە بە دەیان کەس گیان لەدەستدەدەن و بێسەروشوێن دەبن.

 

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی كۆچبەرانەوە، لە ١٨ی کانوونی یەکەم، دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، ئاماری هەشت ساڵی قوربانیانی كۆچی لە عێراق بڵاوكردەوە، تیایدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠١٥ وە تا ئێستا، ٣١٣ هاوڵاتی كە تەمەنیان لە سەروو ١٨ ساڵ بووە، لە ڕێگای كۆچکردندا بۆ وڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.

 

لە ئامارەکەدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١٧ هاوڵاتی عێراقی لە ڕێگای كۆچدا گیانیان لە دەستداوە، ٧ هاوڵاتیش بێسەروشوێن بوون، ئاماژەی بەوەشکرد کە بە هۆی ناسەقامگیری باردۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە، كە ساڵانێكە بەرۆكی ئەم ناوچەیەی گرتووە، بە سەدان عێراقی لە گرتووخانە و كەمپەكان دەستبەسەرن.