لە نێوان توڕەیی و بایکۆتدا.. ژنانی تونس بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکەن

ژنانی تونس، ئەمڕۆ بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی تونس دەکەن، لە کاتێکدا بەشێکیان توڕەن لە دۆخەکە و داوای بایکۆت دەکەن.

تونس

 

ئەمڕۆ، ١٧ی کانوونی یەکەم، لە وڵاتی تونس هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت و نزیکەی ٪٥٠.٥ی دەنگدەرانی ژن بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، نزیکەی ٢١٤ ژن دوای ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوویان بووەوە لە ڕووی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان و سەپاندنی بنەمای پشتگیرییەکان کە ڕێگرییان لێکردبوو بە ئاسانی بەشداری بکەن، خۆیان کاندید دەکەن.

 

کۆمەڵە فێمینیستەکانی تونس چەندین جار توڕەیی خۆیان دەربڕیوە لە دوورخستنەوەی ژنان لە مافی خۆکاندیدکردن، کە بە بەراورد بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا لاواز بوو، لە کاتێکدا زۆربەی پارتەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە فێمینیستەکان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆ دەکەن.

 

کۆمەڵەی ژنان بۆیان دەرکەوتووە، کە لاوازی بەرچاوی ژمارەی کاندیدەکانی ژن لە ئەنجامی ئەو مەرجە مەحاڵانەیە کە لە یاسای هەڵبژاردنەکانی قەیس سەعیدی سەرۆک کۆماردا دێت، کە وەک بەربەستێک لەبەردەمیاندا دەیبینن، ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕێژەی کاندیدانی ژن لە ساڵی ٢٠١٩دا گەیشتە ٪٢٣، لە ساڵی ٢٠٢٢شدا ڕێژەکە دابەزی بۆ ٪١١.

 

تێکدانی پرەنسیپی یەکسانی ئاسۆیی و ڕاست لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا، فێمینیستەکانی تووڕە کرد، بۆیە داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردن و بەشدارینەکردنیان دەکەن، هەروەها لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ئاژانسدا، فێمینیستەکان دەریانخستووە ترسیان لە پەرلەمانێکی پیاوسالاری هەیە، کە دان بە ژنان و تواناکانیدا نەنێت و هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی ئەوان بدات بە هەڵوەشاندنەوەی هەندێک یاسا و ڕەشنووسی یاسا، وەک ڕەشنووسی یاسای یەکسانی لە میراتدا، کە ماوەیەکی زۆرە لە سەردەمی سەرۆکی کۆچکردوو، ئەلباجی قائید ئەلسبسیدا هەڵپەسێردراوە.

 

جێگای سەرنجە کە یاسای ئێستای هەڵبژاردنەکان ئاڵۆزییەکانی لەخۆگرتبوو بە پابەندکردنی نیوەی پێشکەشکاران بە ژن و نیوەی دووەم بە پیاو، بەمەرجێک ژمارەی پێشکەشکاران لە گەنجانی خوار تەمەنی ٣٥ ساڵ کەمتر نەبێت.

 

هەروەها ژنانیش بەهۆی بێبەشکردنی بودجەی گشتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان کاریگەرییان لەسەر بووە، کە بەراورد بە کاندیدەکانی پیاوان لاوازتر بووە، ژنان ترسیان لە پەرلەمانێکی پیاوانە هەیە کە دیدێکی سیاسی و ئابووری ڕوونی تێدا نەبێت و ئەنجومەنێکی دەسەڵاتی زەوتکراوی نەبێت.