عێراق، ملیۆنێک و ١٧ هەزار کەس لە دۆخی ئاوارەییدا دەژین
ڕێکخراوێک ئاماری ئاوارەبوونی خەڵکی عێراقی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە کراوە کە ٥٨ هەزار ئاوارەی عێراقی لە دۆخێکی سەختدا دەژین و زۆربەیان بەهۆی شەڕ و ململانێی سیاسییەوە کۆچیان کردووە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێكخراوی كۆچى نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، كە ٥٨ هەزار ئاوارەى عێراقی لە دۆخێکی سەختدا دەژین و بەدەست کەمى خزمەتگوزاری و نەبوونى پارێزبەندى ئەمنییەوە دەناڵێنن، نزیكەی ملیۆنێك و ١٧ هەزار كەسیش هێشتا لە حاڵەتی ئاوارەبووندا دەژین، لەکاتێکدا زیاتر لە پێنج ساڵە ماڵ و ناوچەكانی نیشتەجێبوونی ڕەسەنی خۆیان جێهێشتووە.
بەپێی زانیارییەکانی لە ڕاپۆرتەکەدا باسکراوە، ئاوارەكان لە ١٢٥ ناوچەوە ڕووبەڕووی ئاوارەیی بوونەتەوە، زۆربەیان دەکەونە پارێزگاكانی سەلاحەدین و ئەنبار و موسڵ و بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە بەرەو ناوچەی نیشتەجێبوونی ئارامتر کۆچیان کردووە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لە پارێزگای سەلاحەدین٢٠ هەزار و ٤٨٤ کەس ئاوارە بوون، لە پارێزگای ئەنبار ١٦ هەزار و ٩٦٢ کەس ئاوارە بوون، لە پارێزگاری موسڵ ١٠ هەزار و ٥١٢ کەس ئاوارە بوون و هەموو ئەوانەش لە دۆخێكی سەختدا دەژین.