ئانی ئێرنۆکس براوەی خەڵاتی نۆبڵە و شۆڕشی گەلانی ئێران بەرز دەنرخێنێت
ئانی ئێرنۆکس، براوەیەکی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە بواری ئەدەبیدا، ڕایگەیاند کە تا ئێستا کتێبی نووسەرانی ژن دانی پێدانانرێت و دەربارەی خەڵاتەکەی دەڵێت: هیوادارم خەڵاتەکە نیشانەی هیوا بێت بۆ هەموو نووسەرانی ژن.
ناوەندی هەواڵ
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە بواری ئەدەبیدا بەخشرایە ئانی ئێرنۆکسی فەرەنسی، کە نووسەرێکی فەرەنسی ٨٢ ساڵە، خەڵاتەکە لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەخشرا و دەستەی خەڵاتی نۆبڵ ئاماژەیان بەوەداوە کە بەهۆی " بوێری و وردبینیی ئانی، کە لە ڕەگ و ڕیشە، غەریببوون و ئاستەنگییە بەکۆمەڵەکان دەهێنێتەوە یادەوەری و ئاشکرای دەکات" خەڵاتەکەی پێبەخشراوە.
نووسینەکانی ئانی بە شێوەیەکی گشتی لە ئەزموونە کەسییەکانی خۆی لەبارەی چینایەتی و ڕەگەزپەرستیی و هەڵاواردنەوە وەرگیراوە، زۆرجار چاوێکی ڕەخنەگرانە دەخاتە سەر پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو نووسەرە لە وتارێکدا لە ستۆکهۆڵم پێش ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ ئاماژەی بەوەدا، دەستی بە نووسینی ئەزموونە کەسییەکانی خۆی کردووە، چونکە "کتێبێک دەتوانێت بەشداری لە گۆڕانکاریدا بکات و مرۆڤ دووبارە خەیاڵی بنیادنانەوەی خۆی بکاتەوە".
ئانی یەکەم ژنی فەرەنسییە خەڵاتی نۆبڵ بەدەستبهێنێت
ئانی ئێرنۆکس یەکەم ژنی فەرەنسی و ١٧مین ژنە بە گشتی کە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی بەدەستهێناوە، لە ساڵی ١٩٠١ەوە کە خەڵاتی نۆبڵ بەخشراوە، ئانی کە نووسەرێکی فێمینیستە ئاماژەی بەوەدا، دەیەوێت نۆبڵەکەی پێشکەش بە "هەموو ئەو کەسانە بکات کە ئازار دەچێژن، کە بە شێوازێک بەدەست هەژموونییەت ڕەگەزپەرستییەوە دەناڵێنن، لە هەموو ئەو شتانەی کە جۆرێکە لە نایەکسانی. هەروەها بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە خەبات دەکەن و تا ئێستا نانەسراون".
ئانی لە چاوپێکەوتنیكی ئاژانسی فرانس پرێسدا ڕاگەیاندووە، "قسەکردن زۆرکات لەلایەن پیاوانەوە قۆرخکراوە و تێبینیم کردووە کە زۆرجار ژنان لە وتارەکاندا کەمتر قسە دەکەن لە چاو پیاوان، ئەوان بە باشی دەزانن کە زیاتر پراکتیکبن، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە نۆبڵ خۆی مۆدێرن بکات".
ژنان مافەکانیان لێدەسەندرێتەوە
ئانی هۆشداریدا لە ئایدۆلۆژیایەکی مەترسیدار کە لە ژێر سێبەری شەڕی ئۆکرانیادا لە ئەوروپا بڵاودەبێتەوە و ئامانج، لێی دوورخستنەوەی لاوازترینەکانی کۆمەڵگە و سنووردارکردنی مافەکانی زاوزێی ژنانە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئەوروپا ئایدۆلۆژیای دورخستنەوە-پاشەکشە و داخستن-ڕێگەگرتن لە هەڵکشاندایە، بەڵام هێشتا بەهۆی توندوتیژی شەڕێکی ئیمپریالیستییەوە، کە دیکتاتۆری سەرۆکایەتی ڕوسیا بەڕێوەی دەبات، شاراوەتەوە".
ئانی تیشکدەخاتە سەر ئایدۆلۆژیای بەڕێوەبردنی وڵاتانی ئەوروپا و دەڵێت: ئەم ئایدۆلۆژیایە لەسەر وەدەرنانی بیانییەکان و کۆچبەران، وازهێنان لە لاوازەکانی ئابووری، چاودێریکردنی جەستەی ژنان، دامەزراور، ئەرکی وریایی ئەوپەڕی دەکەوێتە سەرشانی من و هەموو ئەوانەی، کە بەهای مرۆڤێک لە هەموو شوێنێک وەک یەکە بۆیان.
ئانی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی بە گرنگ دەبینێت
ئانی ئێرنۆکس لە وتارەکەیدا باس لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، کە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا دوای کوشتنی مەهسا-ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تارانەوە دەستیپێکرد، دەکات و دەڵێت: ئێمە ئەمڕۆ لە ڕاپەڕینی ئەو ژنانەدا دەیبینین کە ئامڕاز و وشەی تێکدانی دەسەڵاتی پیاوانیان دۆزیوەتەوە و دژی کۆنترین فۆرمی وەک ئێران ڕاپەڕیون.
ئانی تێرێز بلانچ ئێرنۆکس لە ١ی ئەیلولی ١٩٤٠ لە لە کۆمۆنی لیلیبۆن لە باکووری فەرەنسا لەدایکبووە، نووسەر و پڕۆفیسۆری ئەدەبیات و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە، کارە ئەدەبییەکانی کە زۆربەیان ژیاننامەی خۆیانن، پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ کۆمەڵناسیدا هەیە، ئانی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ساڵی ٢٠٢٢ی پێبەخشرا، بەهۆی بوێری و وردبینیی ئانی، کە لە ڕەگ و ڕیشە، غەریببوون و ئاستەنگییە بەکۆمەڵەکان دەهێنێتەوە یادەوەری و ئاشکرای دەکات.