"داگیرکاریی دەوڵەتی تورک پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک دەکاتە ئامانج"

ژنانی ئەندامی نوسینگەی ژنانی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک لە ناوەندی حەلەب ڕایانگەیاند، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک بە ئامانج دەگرێت.

میدیا میقتاد

 

حەلەب- دەوڵەتی تورک لە ١٩ی تشرینی دووەمەوە بە فڕۆکەی جەنگی و بۆردومان هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ژنان کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکان هەیە و ئاماژە بەوەدەکەن کە تا کۆتایی سیستمەکەیان دەپارێزن.

 

پلانەکە زیندووکردنەوەی داعشە

نەجلا حەمزە، بەڕێوبەری ژووری ژنانی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە ناوەندی حەلەب ڕایگەیاند، کە هۆکارەکانی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا زانراون، ئەوەش ترسە لە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، وتیشی: پەیمانی لۆزان هەیە لە ساڵی ٢٠٢٣ کۆتایی پێدێت و ئەردۆغان دەیەوێت لە چوارچێوەی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەیدا شەڕی وێرانکاری دژی گەلانی سوریا دەستپێدەکات و جگە لە کۆمەڵکوژی و ڕفاندن و بەکارهێنانی چەتەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی، هەوڵی زیندووکردنەوەی داعش لە ناوچەکە دەدات".

 

"ئیرادەی خەڵک تێکناشکێت"

نەجلا حەمزە وتیشی: داگیرکارییەکانی تورکیا بەشێوەیەکی سیستماتیک ناوچە ئارامەکان و ژێرخانی ئابووری و کێڵگە نەوتییەکان و کارگەی گەنم و وێستگەکانی ئاو دەکەنە ئامانج بۆ کۆچکردنی دانیشتوانی هەرێمەکە، بەڵام ئیرادەی خەڵک لاواز نابێت و شکست ناهێنێت، داگیرکاریی دەوڵەتی تورک کار بۆ تێکشکاندنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دەکات ئێمە هەمیشە شەڕمان ڕەتکردووەتەوە، ئێمە بۆ داهاتووی منداڵەکانمان ئاشتی و ئاسایشمان دەویست، بەڵام دەوڵەتی تورک هێشتا هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانمان.

 

نەجلا حەمزە ئەوەشی خستەڕوو کە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی و ڕێککەوتنێکی زۆر هەیە بۆ تێکشکاندنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: ئەم پیلانگێڕییانە ناتوانن سەربکەون، چونکە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەیانەوێت بە شکۆ و ئازادی و دیموکراسی بژین، ئێمە هێرشەکانی داگیرکاریی تورکیا و بێدەنگی نێودەوڵەتی و هەموو شێوازەکانی توندوتیژی دژی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕەتدەکەینەوە، داوا دەکەین کە ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو هێزانەی دەستتێوەردان لە کاروباری سوریا دەکەن، دەستپێشخەرییان هەبێت بۆ وەستاندنی پێشێلکارییەکانی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک.

 

"ئێمە ڕێگە بە پلانەکانیان نادەین"

عەوفە جەعفەر، ئەندامی نوسینگەی ژنان ڕایگەیاند، هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار دەکەن و وتی: ئەم هێرشە هاوپەیمانێکی نێودەوڵەتیە لە دژی هەرێم و دژی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکیە و ئامانجیان شکستهێنانە بەو پرۆژەیە، بەڵام ئێمە ڕێگەنادەین ئەو کارە بکەن کە دەیانەوێت، تاڵانکردن و دزیکردن وەک چەند ساڵێک پێش ئێستا لە شاری عەفرین دووبارە دەکەنەوە، هەموو دەوڵەتەکان بێدەنگن لە پێشێلکاری و تاوانەکانی داگیرکاریی تورکیا.