ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات؛ ١٠٤ کەس گیانیان لەدەستدا کە ١١یان منداڵن
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک ڕایگەیاند، لە سەرەتای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە، ١٠٤ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١١ منداڵیان هەیە.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ، ٢٥ی تشرینی دووەم، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، لە سەرەتای ڕاپەڕینی سەرتاسەری ڕۆژهەڵات کوردستان و ئێرانەوە، کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکردووە، تا ئێستا ١٠٤ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و ١١یان منداڵن،
بە پێی ئەو ئامارەی کە ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ خستوویەتیە ڕوو، لە سەرەتای ڕاپەڕینی نەتەوەییەوە، لە مهاباد ١٣ کەس، بۆکان ١٢ کەس، پیرانشار ٨ کەس، ورمێ ٤ کەس، شنۆ ٣ کەس، سەردەشت ١ کەس، سنە ١٧ کەس، سەقز ٥ کەس ، دیواندەرە ٤ کەس، بانە ٣ کەس، کامیاران ٢ کەس، دێهگولان ٢ کەس، مەریوان ١ کەس، کرماشان ٨ کەس، جوانڕۆ ٨ کەس، ئیسلام ئاباد ڕۆژئاوا ٣ کەس، قەسری شیرین ١ کەس، سێلاس باوەهجانی ١ کەس، ئیلام ١ کەس و ٤ هاووڵاتی کورد لە تاران، یەک کەس لە ڤارامین، کەسێک لە قۆچان، کەسێک لە قەزوین و کەسێک لە کەرەج گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها ڕایگەیاند کە ٢١ ئەندامی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بنەماڵەکانیان لە هێرشی سوپای پاسداران گیانیان لەدەستداوە.