"بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی تێکۆشان مەزنتر دەکەین"

هاوپەیمانی دیموکراتیک ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا-نادا بە بەیاننامەیەک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئاماژەیان بە بەگوڕکردنی تێکۆشان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان، هاوپەیمانی دیموکراتیکی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا-نادا توندوتیژی دژ بە ژنانی شەرمەزار کرد و پشتیوانی خۆی بۆ شۆڕشی ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان و هەڵمەتی "من ژیانم"م کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە دەستیپێکردووە، دەربڕی.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، ئەمساڵ هێشتا شاهیدی زیادبوونی بەرچاو و بێ وێنەی توندوتیژی دژ بە ژنانین لە سەرتاسەری جیهان، ئەمەش سەرەڕای گەشەسەندنی خەباتی فێمینیستی لە دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانیان، دەریدەخات کە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و عەقڵیەتی پیاوسالاری تاکڕەوانە چەندە لە ئیرادەی ژنانی ئازاد دەترسن و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ شکاندنی ئیرادەیان و بێدەنگکردنی دەنگیان و لێسەندنەوەی ماف و ئازادییان یاساکان.

 

ئێمە چووینە ناو سەردەمێکەوە کە کولتووری توندوتیژی دژ بە ژنان بە هەموو ماناکانیەوە گەیشتووەتە ئاستی "کوشتنی ژن" و باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە لەم دواییانەدا لە ئێران ڕوویدا، لە ئەشکەنجەدان و کوشتنی ژنێکی گەنجی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی.

 

ئێمە پشتیوانی لە شۆڕشی ئێران بە ڕێبەرایەتی ژنان دەکەین و پشتیوانی لە کەمپەینی "من ژیانم" دەکەین کە لەم دواییانەدا لە لایەن ڕێکخراو و تۆڕە پێشەنگەکانی فێمینیستەوە دەستیپێکردووە، تا شەڕ نەوەستێت و ئاسایش و ئارامی لەم ناوچە دێرینەی ئێمەدا جێگیر نەکرێت، بە بەردەوامی تێکۆشانمان زیاتر دەکەین. ئێمە لە ژێر ئەو دروشمەدا کە لەم دواییانەدا لە شۆڕشی ژنانی ئێراندا سەرنجی ڕاکێشا و لە ناوچەکە و جیهاندا دەنگی دایەوە، واتە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'، پابەندبوون بە تێکۆشانی خۆمان دووپاتدەکەینەوە.