دەربارەی بڵاوبوونەوەی پەتا لە سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەبارەی ئەو پەتایەی بڵاوبووەتەوە ئاماژە بەوەدەکات کە ئەگەر هەیە کۆرۆنا یان پەتای وەرزی بێت، دەشڵێت: "نیشانەکانی هەمەجۆرن و توشبوو دەبێت خۆی کەرەنتین بکات".

سلێمانی

 

ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی تووشی پەتایەکی گران بوون و ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی لە هەواڵێکیدا هۆکارەکانی دەخاتەڕوو، کە لەم ساتەدا لێشاوێك لەنەخۆشی بڵاوبووەتەوە لە شاری سلێمانی كە نیشانەكانی هەمەجۆرن، بەڵام زۆربەی نەخۆشەكان یەكێك لە نیشانەکانی "لەرز وتا، لەش داهێزران، قوڕگ گیران، سەر ئێشە"یان هەیە.

 

بەپێی ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی پەتاکە مشەخۆر دروستی دەكات و لە نەخۆشەوە بڵاودەبێتەوە، بۆیە هەتا خۆپارێزی بكەن كەمە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئاستەمە ئەم پەتایە هەڵامەت بێت، چونكە هەڵامەت لە سلێمانی سەرەتای پایز دێت و زۆربەی كات لووت تەڕی و پژمەی لەگەڵە و بەكەمی تای بەهێزی لەگەڵ دەبێت، ئەگەر هەیە کۆرۆنا بێت، چونکە لە ئێستادا كۆرۆنا بە فەرمی هێشتا ماوە لە سلێمانی و بەپشكنینی تەواویش كە لێرە پێی دەڵێن پشكنینی لووت دەركەوتووە كە كۆرۆنا هێشتا هەیە.

 

لە هەواڵەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەگەری زۆر هەیە ئەنفلۆنزا بێت، چونكە لە سلێمانی باوە لە ناوەڕاستی پایز ئەنفلۆنزا بڵاودەبێتەوە و هۆكاری سەرەكیش كردنەوەی قوتابخانەكانە، بوونی مناڵ بە كۆمەڵ لەیەك پۆلدا باشترین مۆڵگەیە پەتا تێیاندا بڵاوببێتەوە و لەیەكترەوە بیگرن و ئەوانیش دەیهێننەوە بۆ ماڵەوە و كەسوكاریان تووش دەكەن، ئینجا لە مناڵ زۆربەی كات ئاسانە، بەڵام ئەنفلۆنزا لە گەورەكاندا بەهێزە و بگرە جاریوایە دەبێتە مردنی ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە.

 

لەكاتی تووشبوون چی بكەین؟

كەسێك نەخۆش كەوت، كاتێك زانی لەرزوتا زیاد لەڕۆژێكی خایاند، هەروەك ئەوەی كۆرۆنا خۆی کەرەنتین بكات لە ماڵەوە، پشوو بدات و نەچێتە ناو خەڵك و سەردانی پزیشك بكات، دەبێت دامودەزگاکان مۆڵەتی نەخۆشی بەئاسانی بدەنە هەركەسێك كە پزیشك بۆی بنووسێت، هەروەها منداڵ سەرچاوەكەیە زۆربەی كات، بۆیە نەخۆش كەوت نابێت بچێتەوە خوێندنگە و دەبێت لە ماڵەوە بە ماسكەوە نزیكی ببیتەوە و نزیك نەبێتەوە لە داپیرە و باپیرە.