گوڵاڵە مورادی سزای ٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

گوڵاڵە مورادی، هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی پیرانشارە، دوای یەک ساڵ دەستبەسەرکردن و بێ پەیوەندی مانەوە، بە ٤ ساڵ زیندانی لە زیندانی ئۆرمیە سزا درا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە سزایەکی لقی سێی دادگای تاوانەکانی شاری مەهاباد، گوڵاڵە مورادی بە تۆمەتی "هاوکاری لە کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسدارانی ئیسلامی لە پیرانشار" بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ زیندان سزا درا، پاشان سزاکە بۆ ٤ ساڵ زیندانی بە ژماردنی ڕۆژانی دەستبەسەرکردنی پێشووی کەمکرایەوە.

 

جێی ئاماژەیە گوڵاڵە مورادی لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ دوو منداڵەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی ورمێ گوازرایەوە، دوای پڕۆسەی لێپرسینەوە کوڕەکانی بە ناوەکانی مەتین و تاهر بزازی ئازاد کران و گوڵاڵە مورادی لە مانگی حوزەیراندا ساڵی ڕابردوودا دوای تەواوبوونی پرۆسەی لێپرسینەوە لە ئیتلاعاتی سوپای ورمێ بۆ زیندانی شەهر گواسترایەوە.

 

ڕۆژی ٤ی ئایاری ئەمساڵ دوای یەک ساڵ و ٨ ڕۆژ لە دەستبەسەر کردنی، بە کەفالەتی ٤٠٠ ملیۆن تمەن و تا کۆتایی دانیشتنەکانی دادگا بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی ئۆرمیە ئازاد کرا.

 

شایانی باسە، گوڵاڵە مورادی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا چاوی بە هیچ پارێزەرێک نەکەوتووە و جگە لەوەش بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە دراوە.