دوای ٢٤ کاتژمێر ئەنۆنیمۆسەکان بەڵگەی کاربەدەستانی ئێرانیان بڵاوکردەوە

گروپێک هاککەری بێناو-ئەنۆنیمۆس، بەشێک لە بەڵگەنامە هاککراوەکانیان دوای ماوەی ٢٤ کاتژمێر بۆ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گروپی ئەنۆنیمۆس، ڕۆژێک دوای هۆشداریدان بە کاربەدەستانی ئێران بۆ ئازادکردنی زیندانیانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، "٥٠ گیگابایت" لە بەڵگەنامەکانی کۆمپانیای گەشەپێدانی وزەی ئەتۆمیی ئێرانی بڵاوکردەوە.

 

ڕۆژی هەینی، ٢١ی تشرینی دووەم گروپی ئەنۆنیمۆس بە ئیمەیڵێک هۆشدارییان بۆ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نارد کە ئەگەر لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا زیندانیانی ناڕەزایەتییەکانی ئێستا ئازاد نەکرێن، ئەو بەڵگەنامانە بڵاو دەکەنەوە کە لە کاتی هاککردنی وزەی ئەتۆمی ئێراندا دەستیان کەوتووە.

 

دوای ئەو هۆشدارییە، دوێنێ، ٢٢ی مانگ ٥٠ گێگابایت بەڵگەنامەی هاککراوی ئەم کۆمپانیایە بڵاوکرایەوە، کە پێکهاتبوو لە بەڵگەنامەی گرێبەست، پێدانی مووچە، ئیمەیڵی فەرمی و ٣٢٤ ئینبۆکس، گروپەکە لە ڕێگەی تویتەرەوە بە هاشتاگی مەهسا ئەمینی و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ڕای گشتییان بڵاوکردووەتەوە.

 

گروپەکە ڕاشیانگەیاندووە کە "بەشێکن لە کۆمەڵگەی هاکەرەکانی ئێران" و کار دەکەن "بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی تاوانکاری ئاخوندی و لەناوبردنی"، پێشتریش ئیمەیڵی کارمەندان و لقەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان هاک کردبوو و داوایان لێکردوون کە بەشداری خۆپیشاندەران ببن، هەروەها بە هاککردنی سیستەمی ناردنی کورتەنامە، ملیۆنان نامەی پەیوەندییان بۆ خەڵک ناردبوو بۆ ئەوەی بەشداری لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بکەن.