تاڵیبان بۆ سەرکوتکردنی ژنانی ناڕازی فیشەکی جەنگی بەکاردەهێنێت

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند کە تاڵیبان فیشەکی جەنگیی بۆ سەرکوتکردنی ژنانی ناڕازی ئەفغانستان بەکارهێناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٢٠ی تشرینی یەکەم، ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە تاڵیبان وەڵامی ناڕەزایەتی ئاشتیانەی ژنانی بە لێدان و بەکارهێنانی فیشەکی جەنگی بۆ تێکدان و بڵاوەپێکردنی ناڕەزایی ژنانی داوەتەوە.

 

هیومان ڕایتس وۆچ، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازەکانی ژنانی ئەفغانی لەلایەن تاڵیبانەوە بە جۆرێک لە "بەربەری" ناوبرد و ئاماژە بە بوونی ژنان لە هێڵی پێشەوەی بەرخۆدان لە دژی زوڵم و زۆرداری تاڵیبان دەکات، ئاماژەی بەوەدا ژنان بە ئاشتییانە داواکارییەکانی یەکسانی و دادپەروەری و ئاشتی و بە دروشمی "نان، کار، ئازادی" دەکەن و خەباتیان بۆ مافە سەرەتاییەکانیان کردووە، لەوانە مافی کارکردن و کردنەوەی قوتابخانەکانی کچان، هەروەها بۆ ئەفغانستانێکی باشتر و سەرەڕای لێدان و دەستگیرکردن و ڕفاندنی دڕندانەی خۆپیشاندەران لەلایەن تاڵیبانەوە، ناڕەزایەتییەکانیان بۆ بەرگریکردن لە مافە سەرەتاییەکانیان بەردەوامە.

 

لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نەبوونی شەرعیەتی تاڵیبان ڕێزنەگرتنە لە مافە سەرەتاییەکان و بەشداری کۆمەڵایەتی و سیاسی ژنان لە کۆمەڵگەدا.

 

دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کرد و ژنانی لە کار و پەروەردە بێبەش کرد، ژنان چەندین خۆپیشاندانی ئاشتیانەیان ئەنجامداوە؛ بەڵام هەموو جارێک بە توندوتیژی و هێرشە ئاسمانییەکانی تاڵیبان سەرکوت کراون. ژنانی کابول، هەرات، بەلخ، غەزنی، بامیان و هەندێک لە شارەکانی دیکە لە گردبوونەوەکاندا ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە هێرشە کوشندەکە بۆ سەر ناوەندی پەروەردەی کاج کرد و لەلایەن تاڵیبانەوە بە توندی سەرکوت کرا.