سەرەڕای سەرکوتکاری لە سنە و کرماشان بەرخۆدانی بەردەوامە

سەرەڕای سەرکوتی دڕندانەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، بەڵام بەرخۆدانی شاری سنە و کرماشان ستەمکارانی هێناوەتە سەر چۆک.

سنە

 

دوێنێ، ٩ی مانگ، دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، شاری سنە بوو بە مەیدانی شەڕ و تا نیوەشەو بەردەوام بوو. شۆڕشگێڕانی گەڕەکی بیست و پێنج هێرشیان کردە سەر دەرگا و دیواری بنکەی پۆلیسی پانزە و بۆ ماوەیەک کۆنترۆڵیان کرد.

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێک لە خۆپیشاندەران لە ناوچەی تەپە شێخ محەمەد سادق بە گولـلە کوژراوە، خەڵک ئاگریان لە هەموو شەقامەکانی پەیوەست بە شارەوانی ناوچەی بیست و پێنج، کەزیمبەری، تەقتان، فەیزاباد، تەپە شێخ محەمەد سادق و چەند ناوچەیەکی دیکە داخراون.

 

له شارۆچكەی بەهاران ژمارەیەکی زۆری ناڕازی کۆبوونەوە و سرودیان دەوتەوە و بە دەوری ئاگردا دەگەڕان و توڕەیی بۆ دەسەڵاتی مەلاکان نیشان دا و دروشمی "كوردستانی بەغیرەت، پاراستن پاراستن"یان دەوتەوە، بە وتەی شایەتحاڵان، منداڵێکی دوانزە ساڵان لەو ناوچەیەدا بە گولـلە کوژراوە. ژماره‌ی كوژراوانیش بە دەستی ده‌سه‌ڵاتی خوێنڕێژی كۆماری ئیسلامی لە زیادبووندایە.

 

لە گەڕەکی نەیسەر شەڕ و پێکدادان بەردەوامە و بنکەی بەسیج لەو ناوچەیە ئاگری تێبەردراوە و شەقامەکانیش داخراون، یاسای سەربازی لەو شارە ڕاگەیەندراوە و بەپێی زانیارییەكان ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكان بۆ سەركوتکاری لە هەمەدانەوە چوونەتە ناو شاری سنە.

 

هەر لە چوارەمین هەفتەی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە ناوچەی سەلاس باباجانی، یەکێک لە شارەکانی پارێزگای کرماشان گۆڕەپانی خۆپیشاندانی دژ بە سیستەمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی دروستبووە، بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی نوژنها، شەوی ڕابردوو خۆپیشاندەران دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر، مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی"یان دەتەوە و بەرەو مەیدانی ناوەندی ئەو شارە ڕۆیشتوون.

 

بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی سوپای پاسداران بە ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا هەوڵیانداوە لە گۆڕەپانی شارەکە بە تەقەکردن بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن و ناڕازییەک بە ناوی ئاریان موریدی بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەر چووەتە شاری کرماشان و نەشتەرگەرییەکەی سەرکەوتوو نەبووە و گیانی لەدەستداوە. هەروەها دوو کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێکیان ناوی زانا شیرییە و باس لەوە دەکرێت کە باری تەندروستی ناجێگیرە.

 

هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ی كه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاژانسی نوژنها له‌ شه‌وی ڕابردووه‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ستیان به‌ ده‌ستگیركردنی هاوڵاتیان كردووه‌ و گه‌ڕانی ماڵ به‌ ماڵ بۆ ده‌ستگیركردنی گه‌نجانه‌ ده‌ستی پێكردووه‌.