لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٢ ژن و دوو منداڵ لە ئێران لەسێدارە دراون

ڕیكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاشکرایدەکات کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا لە ئێران ڕێژەی لەسێدارەدان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٨٩٪ زیادیكردووە، دوو منداڵ و ١٢ ژنیش لە سێدارە دراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٠ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدانە، ساڵی ٢٠٠٢ "هاوپەیمانی جیهانیی دژی سزای لەسێدارەدان" ئەم ڕۆژەی وەك ڕۆژی جیهانی "بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان" دەستنیشان كرد، ئەو هاوپەیمانییە لە ١٧٠ ئەندام لە پێنج كیشوەری جیهان پێكهاتووە، جێی باسە لە ئێستادا زیاتر لە دوو لەسەر سێی وڵاتانی جیهان سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندووەتەوە یان بە كردەیی جێبەجێی ناكەن.

 

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان، ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماری ١٠ مانگی ڕابردووی لەسێدارەدانی لە وڵاتی ئێران بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ژمارەی ئەو كەسانەی لە سێدارە دراون بە ڕێژەی ٨٩٪ زیادیكردووە.

 

لە ڕاپۆڕتەكەدا هاتووە: "ژمارەی لە سێدارەدانی زیندانیان لە شارەكانی ئێران بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، ئاماری تۆماركراوی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەریدەخات، كە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە لانیكەم ٤٢٨ كەس لە زیندانەكانی ئێران لەسێدارەدراون، لەو ئامارەش دوو كەسیان منداڵ و ١٢ كەسیان ژن و ٤١٦ كەسیشیان پیاون و یەكێك لە سێدارەكان لەبەردەم خەڵكدا ئەنجامدراوە".

 

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرچاوە فەرمییەكان و میدیا ناوخۆییەكانی ئێران لەو ماوەیەدا تەنیا لە سێدارەدانی ٥٢ كەسیان ڕاگەیاندووە و ٣٧٦ كەسەكەی تر بە پشت بەستن بە سەرچاوەی متمانەپێكراوی ناوخۆیی و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ لەلایەن دەزگای ئاماری ڕێكخراوەكە تۆماركراوە.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی هاوڵاتییانی بەلوچ كە لە ١٠ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا لە سێدارە دراون، بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە و ١٢١ كەسن، واتە ٣٥٪ی سەرجەم ئەو كەسانەی لە سێدارەدراون بەلوچ بوون، لە كاتێكدا پێكهاتەی بەلوچ لەسەدا دوو بۆ پێنجی كۆی گشتی دانیشتوانی ئێران پێكدەهێنن.