لیژنەیەک لە پەرلەمانەوە دەنێردرێتە ناوچە بۆردومانکراوەکان

ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی ڕاسپارد کە لیژنەیەک بنێرێتە ئەو ناوچانەی لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە بۆردومان و تۆپباران دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لیژنەیەک دەنێرێتە ناوچەکانی باڵەكایەتی و برادۆست و ڕاپۆرتێك لەسەر بۆردومانەكان و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورک و ئێران ئامادە دەکات.

 

بڕیاری ناردنی لیژنەکە دوای ئەوەدێت کە ڕێڤینگ محەمەد، سەرۆكی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا وتی: "ماوەیەكە وڵاتانی دراوسێ بۆردومان و تۆپبارانەکانیان بۆسەر ناوچەكانی سیدەكان و باڵەكایەتی بەردەوامە، داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەم، وەك لیژنەی پەرلەمان ڕامانبسپێرێت سەردانی مەیدانی ئەو شوێنانە بكەین و ڕاپۆرتێك لەسەری ئامادەبكەین".

 

لە كۆبوونەوەكەدا، ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ وەڵامی دایەوە و لیژنەی پێشمەرگە و پەرلەمانتارانی ئەو ناوچانەی ڕاسپارد سەردانی شوێنی بۆردومانەکان بكەن.

 

هەر لە كۆبونەوەكەدا، لوقمان وەردی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان وتی: "دۆخی ناوچەی برادۆست و باڵەكایەتیی نائاساییە و ترس و دڵەڕاوكێ لەناو هاوڵاتییانی ئەو ناوچەیەدا بڵاوبووەتەوە، بە هۆی بۆردومان و تۆپبارانەکەنەوە".