تۆمەتبارێک دەستگیرکرا؛ هەڕەشەی لە ژنێکی گەنج کردبوو

ئاسایشی گەرمیان ڕایگەیاند تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە هەڕەشەی لە ژنێکی گەنج کردبوو، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە لە ڕێگەی فەیسبووکەوە هەڕەشەی لە ژنێکی گەنج کردووە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە تۆمەتبار ناوی "ب. ح. ع"ە و لە ڕێگەی فەیسبوکەوە هەڕەشەی لە ژنێکی گەنج کردووە، پاشان سکاڵای لە دژ تۆمار کراوە و لەلایەن بەشی ئایتی بەڕێوەبەرایەت ئاسایشی گەرمیانەوە بە ماددەی (٢ـی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان) دۆزراوەتەوە و دەستگیرکراوە.

 

هەر بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی گەرمیان پاش دەستگیرکردنی، ب. ح. ع دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە ئێستادا بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە.

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناهۆشیاری لە بەکارهێنانیدا بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی ژنانی گەنج، ئەگەرچی ئێستا جیهان لە پێشکەوتندایە، بەڵام بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ڕەگەزگەرایی پیاوانەوە ڕۆژ نییە ژنان ڕووبەڕووی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانیان نەبنەوە لەلایەن پیاوانەوە.