داوای ناوچەی دژەفڕین دەکرێت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان

بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان-باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چالاکوانانی شاری سلێمانی داوای ناوچەی دژەفڕین دەکەن.

سلێمانی

 

ئەمرۆ لە ئەمنە سورەکەی شاری سلێمانی بەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە پێکهاتوون لە نوێنەری بەشێک لە پارت و ڕێکخراوەکانی باشووری کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان بەست و لە ١٠یەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا لەپێناو پاراستندا داوای ناوچەی دژەفڕینیان کرد.

 

دکتۆرە نیکۆلا ئەشرەف، ئەندامی بەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بەوەدا: ئامانجمان ئەوەیە کە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان ڕابکێشین، بەتایبەت لە ئێستادا لە کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوان تورکیا، ڕووسیا و ئێران لە تاران هەیە، هەروەها هێرشێکی داگیرکاری بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە پێشێلکردنی بنەما و یاسا نێودەوڵەتیەکان و مافی مرۆڤ لە ئارادایە و پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نێودەوڵەتی هەڵوێست و کاری جدییان هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە هێرش و داگیرکارییەکان.

 

پێویستە ناوچەی دژەفڕین دابنرێت

بەختیار مستەفا، ئەندامی بەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە بەرەکە پشتگیری لە یاداشتی ٣٣ لایەن و پارتی سیاسی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات و داوای چەسپاندنی ناوچەی دژەفڕین لە سنوری قەڵەمڕەوی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک دەکات.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پێویستە ئەمریکا، ڕووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ناتۆ، یەکێتی ئەوروپا، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، کۆمکاری عەرەبی، هێز و لایەنه سیاسییه کوردییەکانی هەر پارچەی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوه نێودەڵەتییەکان، کەسایەتییه دیموکراسیخوازەکانی جیهان، ئەو ڕاستییه باش بزانن و بەهەر نرخێک بێت بووەستنەوە بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشە چاوەڕوانکراوە.