پەروەردەی ژنانی ئەفغانستان بەندە لەسەر ڕێککەوتنی پیاوانی ئاینی

وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان پرسی پەروەردەی ژنانی بە مەرجی ڕێککەوتن و داڕشتنی پرۆسەیەک لەلایەن ئەو پیاوە ئاینیانەی کە پشتیوانی لە تاڵیبان دەکەن، دادەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە یەکەم ڕۆژی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانایانی تاڵیباندا، زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان، پرسی پەروەردەی ژنانی لە ئەفغانستان بە داواکارییەکی گشتی ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا بە مەرجی ڕێککەوتن و داڕشتنی پرۆسەیەک لەلایەن ئەو پیاوە ئایینیانەی کە پشتیوانی تاڵیبان دەکەن، ژنان دەتوانن بخوێنن.
 

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر، جەوهەرە ئەلسویدی، سەرۆکی شاندی قەتەر لە کۆمسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف، نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بەردەوامی بێبەشکردنی ژنانی ئه‌فغان له‌ خوێندن و ڕایگەیاند کە "بەرتەسککردنەوەی ژنان لە خوێندن کاریگەری نەرێنی لەسەر مافەکانی مرۆڤ و گەشەسەندنی ئابوری ئەفغانستان دەبێت".

 

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٩ مانگ بەسەر دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، قوتابخانە حکومییەکان بۆ کچان لە ئەفغانستان داخراون سەرەڕای کاردانەوەی بەربڵاوی نێودەوڵەتی، هێشتا دەسەڵاتدارانی تاڵیبان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی قوتابخانەکانی کچان و هۆکاری داخستنەکانیشیان بۆ ژینگەی نەگونجاو و نەبوونی جلوبەرگی کولتوری ئەفغانی گەڕاندەوە.

 

نەک تەنها داخستنی قوتابخانەکان، بەڵکو ئامادەنەبوونی ژنان لە کۆبوونەوەی سێ هەزار کەسی زانای ئایینی و پیری نەتەوە جیاوازەکان لە چادری لۆیە جیرگە لە کابول، نیشانی دەدات کە ڕێکخەرانی ئەم کۆبوونەوەیە بۆ پێدانی شەرعیەت بە حکومەتی تاڵیبان و یاساکانی خۆیان کۆبوونەتەوە.

 

هەروەها شارەزایانی کاروباری سیاسی ئەفغانستان ڕەخنەیان لەو کۆبوونەوەیە گرت و ڕایانگەیاند، کۆبوونەوەکە کە لەلایەن تاڵیبانەوە ئەنجامدرا گشتگیر نەبووە و بابەتگەلێکی گرنگ کە لەگەڵ کێشە توندەکانی خەڵکدا دەگونجێت، نەوروژێنران، یەکێک لە داواکارییەکانی هاوڵاتیانی ئەفغانی لە تاڵیبان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، کردنەوەی قوتابخانەکانی کچان و هەڵسەنگاندنی ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە کۆچکردن بوو.