شەڕی ئۆکراینا ٤٧ ملیۆن کەس لە برسێتی نزیک دەکاتەوە

شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا قەیرانی دانەوێڵە لە جیهاندا زیاد دەکات و ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەرەرمەندی سەرەکی دەبن لە قەیرانەکەدا.

ناوەندی هەواڵ

 

بە دەستپێکرد و بەردەوامی هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراینا نرخی خۆراک لە جیهاندا بەرزبووەوە، لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی واشنتۆنپۆستدا بڵاوکراوەتەوە، کلێر پارکەر، نووسەر ئاماژەی بەوەداوە کە بەرزبوونەوەی نرخەکان بەهۆی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئۆکراینا لەلایەن ڕوسیاوە دروستبووە.

 

کلێر پارکەر ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سزاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕووسیا یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان، کە مەترسی کەمی دانەوێڵە و بەرزبوونەوەی برسێتی لە سەرانسەری جیهاندا لێدەکەوێتەوە.

 

نووسەر ڕوونیکردووەتەوە کە هەردوو ئۆکراینا و ڕووسیا نزیکەی یەک لەسەر سێی گەنمی بازاڕەکانی جیهان پێکدەهێنن، هەروەها نزیکەی چارەکێک لە جۆی جیهان بەرهەم دەهێنن، هەناردەکردنەکانی ئەو دوو وڵاتە ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە و گەنمەشامی بۆ خۆراکدانی ئاژەڵان لەخۆدەگرێت، هەروەها نزیکەی ٪١٢ی کۆی وزەی خۆراکی جیهان ڕووسیا و ئۆکراینا دابینی دەکەن.

 

کلێر پارکەری نووسەر خستیەڕوو کە بەرپرسانی ئەمەریکا و ئەوروپا ڕووسیایان تۆمەتبار کردووە بەوەی کە خۆراک وەک ئامرازێکی جەنگ بەکاردەهێنێت، هەروەها داوای کردنەوەی بەندەرەکانی ئۆکراینایان کردووە؛ ئەم قەیرانە لە کاتێکدایە کە کارەساتەکانی کەشوهەوا و ململانێ و فشارە ئابوورییەکان و پەتای کۆرۆنا لە ئێستاوە برسێتی لە زۆرێک لە وڵاتان بە تایبەت لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاد کردووە.

 

شەڕی ئۆکراینا دەتوانێت ژمارەی ئەو کەسانە زیاد بکات کە ڕووبەڕووی نائاسایشی توندی خۆراک دەبنەوە بۆ زیاتر لە ٤٧ ملیۆن کەس لەم ساڵدا، بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان.