١٠ مامۆستای زیندانی لە سەقز مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنن

١٠ مامۆستای دەستگیرکراو لە زیندانی شاری سەقز وەک ناڕەزایەتییەک دژی دەستبەسەرکردنی نایاسایی و چارەسەرنەکردنی داواکارییەکانیان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٩ی حوزەیران ١٠ مامۆستای دەستگیرکراو لە زیندانی شاری سەقز مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی نایاسایی و جێبەجێنەبوونی داواکارییەکانی مامۆستایان و ڕۆشنبیران.

 

مامۆستایان و چالاکوانان، بە ناوەکانی خالید عەبدوڵڵای، سلێمان عەبدی، ئەحمەد قادری، ئامانج ئەمینی، زاهید مورادی، ئیسماعیل ڕیحانی، حسام خاکپور، تاهیر حامیدی، موحسین شکوهی و حەسەن ڕەحیمیان دوای دەستگیرکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی مامۆستایان، لە زینداندا مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند.

 

دەستگیرکردنی مامۆستایان و چالاکوانانی سەندیکاکان لە شارەکانی ئێران لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئەنجومەنی هەماهەنگیی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری ئێران بانگەوازی بۆ کۆبوونەوەی جەماوەری ڕاگەیاند و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی بۆ مامۆستایان و چالاکوانان کرد.