کەلار، ئیدانەی بۆردومانەکەی دوێنێ و شەهیدکردنی چوار کەس لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرا

بە مەراسیمێکی بەرفراوان لە بەردەم پزیشکی دادوەری گەرمیان ئیدانەی هێرشەکەی دوێنێی کەلار کرا و ڕێز لە شەهیدانی بۆردومانەکە گیرا.

گەرمیان

 

دوێنێ ١٧ی حوزەیران، لە نزیک گوندی بەرلوتی کەلار، لە ڕێگەی درۆنەوە ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا و بۆردومانکرا، لە ئەنجامدا، چوار کەس کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن، شەهیدبوون و یەکێکیش بریندارە.

 

ئەمڕۆ لە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و لە بەردەم پزیشکی دادوەریدا، مەراسیمێکی بەرفراوان بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی بۆردوومانەکەی دوێنێی کەلار و ئیدانەکردنی کاری سیخوڕی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەڕێوەچوو.

 

لە مەراسیمەکەدا هاوڵاتیان لە گەرمیان، سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان، هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان و نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان تێیدا بەشداربوون و ئاماژەیان بەوەدا کە گەرمیان خاکی هەزاران شەهیدە و دەبێت ڕێگە نەدرێت کە دەوڵەتی تورکیا دەستی چەپەڵی بۆ درێژ بکات.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا جومعە کەریم، ئەندامی تەڤگەری ئازادی، لەبارەی بۆردومانەکەوە وتی: ئەو هەڤاڵانەمان لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە هاتوونەتە باشووری کوردستان بۆ سەردانی کەسوکاریان، بەداخەوە لەڕێگەی جاسوس و میتی تورکەوە شەهید کران، ئێمە ڕایدەگەیەنین، جێگای خیانەت لە گەرمیان نابێتەوە، پێویستە چیتر قبوڵی نەکەین و خەڵکی گەرمیان ببینە یەکدەنگ و یەک هەلوێست و هێڵی خیانەت لە گەرمیان دەربکەین.

 

ئەڤین سوێد، نوێنەری نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: گەرمیان واری شەهید و قارەمانانە، لێرە بە هەزاران شەهید دراوە، بەداخەوە کە هاوڵاتی ڕۆژئاوای کوردستان لەم خاکەدا هێرشیان دەکرێتەسەر، یەکێک لە شەهیدەکان، فەرهاد شبلییە، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە بۆ چارەسەر ڕووی لە باشووری کوردستان کردبوو، لەو هێرشەدا شەهیدبوو، دەوڵەتی تورکیا بەو هێرشانە دەیەوێت ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان لەناوببات، بەڵام ئێمە بەڵێنی بەردەوامیدان بە ڕێبازی شەهیدانمان دەدەین و تا دوا دڵۆپ لە تێکۆشاندا بین.

 

لە درێژەی مەراسیمەکەدا وتاری چەندین کەسایەتی و لایەنی دیکە خوێندرانەوە و ئاماژەیان بەوەدا پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ و ڕێگری لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بکەن و بێدەنگ نەبن.