"ئازادی ڕادەربڕین مافێکی دەستووری عێراقە و نابێت پێشێل بکرێت"

بەیاننامەی زیاتر لە ٢٥٠ کەسایەتی و ڕۆژنامەنووس و چالاکوان دەربارەی ئازادی ڕادەربڕین بڵاوکرایەوە و ئاماژە بەوەدەکەن کە ئازادی ڕادەبڕین مافێکی دیموکراسی دەستوریە و نابێت پێشێل بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە ٢٥٠ ڕۆژنامەنووس، چالاکوان، ئەکادیمی، ئەکتەر و کەسایەتی دەربارەی زیادبوونی پێشێلکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە تێیدا ئاماژەیان بەوەدا کە دەسەڵاتە پێشێلکارەکان و خاوەن پایە حکومەتییە بەرزەکان و حیزبە دەسەڵاتدارەکان پەنایان بردووەتەبەر دەستەواژەی وەک "بەدگوتاری بەرامبەر بە دەزگاکانی دەوڵەت" و "سووکایەتی کردن بە دەسەڵاتی دادوەری" و "بێڕێزی کردن بە سمبولەکان" بۆ وێناکردنی ئەو کارانەی دەیانەوێت بە تاوان ناوزه‌دیان بکەن و سزایان بدەن.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئازادی ڕادەربڕین مافێکی دەستووری عێراقە، "پێمانوایە کە دەسەڵاتە گشتییەکان و فەرمانبەرانیان دەبێت لە هەڵسوکەوتیاندا پابەند بن بە دەستوور. بەشێک لەو پابەندییە ئەوەیە کە پەنا نەبەنەبەر رێوشوێنی زۆرداری وەک لە کار دەرکردن و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن، یان تۆمەتبارکردنی خاوەن ڕا ئازادەکان بە نۆکەرایەتی بێگانە و کاری سیخوڕی و ڕێکخستنی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی دەوڵەت و کۆمەڵگا و زۆری دیکە، لەو جۆرە ناوزەدکارییانە. بەڵام بە داخەوە، رۆژبەرۆژ لەو جۆرە رەفتارانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەت و سیاسییەکان و پەرلەمانتارانەوە زیادتر و زیادتر دەبینین.

 

ئەو کەسایەتییانە داوا دەکەن کە پێشێلکارییەکانی مافی ئازادی ڕادەربڕین ڕابگرن و کار بە یاسا سەرکوتکارەکانی ڕژێمی پێشوو نەکەن و دامودەزگاکانی سەر بە حکومەت پیرۆز نەکرێت چونکە لە ڕەخنە بەدەرنین، ئەگەرنا دەوڵەت و سیستم بەرەو ستەمکاری و سەرکوتکردن هەنگاودەنێت.