جیاکاری ڕەگەزی لە چوونە پارکەکانی ئێراندا دەکرێت و هاوڵاتیانیش ناڕازین

دروستکردنی پەرژین و جیاکردنەوەی شوێنی ژنان لە پارکەکانی وڵاتی ئێراندا زیادیکردووە و هاوڵاتیانیش ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای دروستکردنی پەرژین و جیاکردنەوەی پارکەکانی تاران بۆ دوو بەشی ژنان و پیاوان، ئەم سیاسەتی جیاکارییە لە شارەکی دیکەی ئێرانیش بەڕێوەدەچێت، جێبەجێکردنی سیاسەتی جیاکردنەوەی پارکی ژنان و پیاوان بە بیانووی سەلامەتی ژنان و نەچوونە ژوورەوەی کەسانی ئالودەبووی ماددە هۆشبەرەکانە، تا ئێستاش تەنها لە شاری تاران ٣٥٢ پارک جیاکراوەتەوە.

 

هەروەها پارکی "پل بوستان آفرینش" لە شاری بۆجنورد و پارکی "کلان‌شهر" لە شاری تەبرێزیش جیاکراونەتەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانە، ئەنجومەن و شارەوانی شارەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە جێبەجێکردنەکە لەسەر داوای خەڵک و بۆ پاراستنی ژنان و منداڵانە لە کەسانی ئالودەبووی ماددە هۆشبەرەکان.

 

لە بەرامبەردا هاوڵاتیان کاردانەوەیان بەرامبەر دروستکردنی پەرژین و جیاکردنەوەی بەشی ژنان و پیاوان دەربڕی و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەو سیاسەتە دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی ڕەگەزپه‌رستی ڕژێمی ئێران و سنوردارکردنی چالاکییەکان ژنانە لەناو کۆمەڵگەدا.